سوپای پاسداران: رێگە نادەین یەك دڵۆپ نەوت بە گەرووی هورمز تێپەڕێت

:: PM:01:19:19/07/2026 ‌
هێزی دەریایی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران ئاشكرای دەكات، دوو كەشتیی بازرگانی تووشی رووداو بوون، واتە لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە هێرشیان كراوەتە سەر. دووپاتیشی دەكاتەوە بێ‌ هاوئاهەنگی لەگەڵ پاسداران، دڵۆپێك نەوت بە گەرووی هورمز تێناپەڕێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی تەمووز، هێزی دەریایی سوپای پاسداران ئاشكرای دەكات، دوو كەشتی كاتێك بە گەرووی هورمز تێدەپەڕین، لە دەرەوەی ئاراستەی دیاریكراو "تووشی رووداو بوون". هەروەها دوو كەشتیی تریش بە رێڕەوێكی ناسەلامەت هەوڵی تێپەڕبوونیان داوە.

پاسداران روونی دەكاتەوە، ئەو چوار كەشتییە هەوڵیان داوە بە مۆڵەتی ئەمەریكا تێپەڕن، بەڵام لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دووانیان پەكخراون. پاسداران هەڕەشەی ئەوەیش دەكات هەر كەشتییەك بە مۆڵەتی ئەمەریكا هەوڵی تێپەڕبوون بدات، ئەوا تووشی رووداو دەبێت.

سوپای پاسداران دەشڵێ‌، "گەرووی هورمز بە تەواو لە ژێر كۆنترۆڵی پاسدارانە، بێ هاوئاهەنگی و وەرگرتنی مۆڵەت یەك دڵۆپ نەوت یان پەینی كیمیایی بە هورمز تێناپەڕێت.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل