حكوومەتی سووریا: هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان سەركۆنە دەكەین

:: PM:01:41:19/07/2026 ‌
وەزارەتی دەرەوەی سووریا رای گەیاند، هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە سەركۆنە دەكات، وەك هەوڵێكی ئاشكرا بۆ پێشێلكردنی سەروەریی وڵاتان و دروستكردنی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایش و ئارامییان لە قەڵەمی دەدات.

 لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بەردەوامیی كۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی درۆنی و مووشەكی دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان، سەخترینیان هێرشەكەی شەوی هەینی بوو كە كردیە سەر تاسڵووجە لە سلێمانی و تەقینەوەیەكی گەورە ڕووی دا، كە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری لەناو خەڵكی سلێمانی بەتایبەت و هەرێمی كوردستان بەگشتیی دروست كرد.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەمیش، سیستمی بەرگریی هێزەكانی هاوپەیمانان لە شاری هەولێر، هێرشێكی نوێی درۆنییان پووچەڵ كردەوە و چەند درۆنێكیان لە ئاسمانی پایتەخت خستە خوارەوە.

 وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، بەتوندی هێرشەكانی ئێران لە ڕێگەی درۆن و مووشەكەوە بۆ سەر كوێت، عومان، بەحرێن، ئوردن و هەرێمی كوردستان سەركۆنە دەكەین.

دەڵێت، هێرشەكەش پێشێلكاریی سەروەریی وڵاتان، هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایش و ئارامی و پێشێلكاریی یاسای نێودەوڵەتییە.

ئەوەشی گوتووە، هەموو هەوڵێك بۆ تێكدانی ئاسایش و ئارامی ناوچەكە ڕەت دەكەینەوە، داوا دەكەین ڕێز لە سەروەری و یەكێتیی خاكی وڵاتان بگیرێت و هەمووانیش پابەندی یاسای نێودەوڵەتی و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەكە بن.



وشە - سۆران عەزیز