دادگای ئێران سزای 74 قامچی بەسەر ژنە هونەرمەند ئەنیتا پاپیستدا سەپاند

:: PM:04:20:19/07/2026 ‌
دادگای سزای دووی سەربە دادوەریی ئیرشاد لە تاران لقی 1088، بە تۆمەتی "برینداركردنی هەستی گشتی و تێكدانی ڕەوشتی كۆمەڵگە"، سزای 74 قامچی بەسەر ژنە هونەرمەند ئانیتا پاپیستدا سەپاند، هاوكات پاسپۆرتی ئەنیتا پاپیستیان زەوت كردووە و هێڵی مۆبایلەكەشیان بە تەواوی بلۆك كردووە.

ئەنیتا پاپیست كە كارە هونەری و موزیكییەكانی خۆی لە ڕێگەی لاپەڕە فەرمییەكەی لە دیجیتاڵ میدیای ئینستاگرام بڵاو دەكاتەوە و دەیان هەزار فۆڵۆوەرسی هەیە، لە ڕێگەی هەمان پلاتفۆرمەوە ڕاستی و دروستی ئەم بڕیارە دادوەرییەی پشتڕاست كردووەتەوە.

ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوە كردووە كە دەستبەسەرداگرتنی پاسپۆرت و بڕینی هێڵی مۆبایلەكەی، بە تەواوی ڕێگریی لە كارە هونەرییەكانی دەكات و دەرفەتی پێوەندیكردنی بەشێوەیەكی توند لێ زەوت دەكات.

لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەكی زۆر لە ژنانی گۆرانیبێژ و هونەرمەند لە ئێران بەهۆی بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانیان، پێشكەشكردنی كۆنسێرت بەبێ مۆڵەت، یان دەركەوتنیان بەبێ حیجابی زۆرەملێ، ڕووبەڕووی بانگهێشتكردن، قەدەغەكردنی چالاكی، قەدەغەكردنی گەشتكردن و سزای جۆراوجۆری دادگا بوونەتەوە.




وشە - سۆران عەزیز