رۆژنامەیەك: ئێران و ئەمەریكا لە شەڕێكی فرەوانتر نزیك دەبنەوە

:: PM:05:15:19/07/2026 ‌

پێ دەچێت ئێران دەستبەرداری گەرووی هورمز نەبێت و پرسی گەرووەكەی كردبێتە قەلغانێك بۆ پاراستن و دوورخستنەوەی بابەتەكانی وێستگە ئەتۆمییەكەی و یۆرانیۆم و مووشەكە بالیستی و میلیشیاكانی لە دانوستانەكان، ئێستە تەواوی ناوچەكەی بە گەرووی هورمز سەرقاڵ كردووە، رۆژنامەیەك ئاماژە دەكات كە تاران و واشنتن لە رووچوون بۆ ناو شەڕێكی فرەوان نزیك بوونەتەوە.

وەك "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی باسی دەكات، لە دوای كوژرانی دوو سەربازی ئەمەریكی لە هێرشێكی مووشەكیی ئێران بۆ سەر بنكەیەكی سەربازیی لە ئوردن لە هەینی رابردوو، ئەمەریكا هێرشەكانی بۆ سەر ئێران چڕتر كرد و رووبەڕووبوونەوەی هەردوو وڵات فرەوانتر بووە، ئەوەش هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر ئەو هەوڵە لاوازانەی زیاتر لە چوار مانگەی بۆ ئاگربەست و رێككەوتن هەیە. 

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكە، هێرشەكەی ئێران بۆ سەر ئوردن چوارەمینە لە ماوە ی پێنج رۆژ، لای خۆیەوە سوپای ئەمەریكا رای گەیاند كە لە وەڵامی ئەو هێرشانە چەندان دامەزراوەی چاودێریی كەناراوەكان و بەرگریی ئاسمانی ئێرانی بارەگەی سوپای پاسدارانی بەرپرس لەو هێرشانە وێران كردووە، ئێرانیش لە وەڵامی ئەوە كوێت و بەحرێن بۆردمان دەكات.

پیت هیگسیس وەزیری جەنگی ئەمەریكا رای گەیاند كە كوژرانی دوو سەربازە ئەمەریكییەكە سوورترمان دەكات، بەڵام وەك شارەزایان ئاماژە دەكەن ئەو رووداوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەخاتە بەردەم هەڵوێستێكی نەخوازراو لەبارەی چۆنیەتی ئیدارەدانی ئەو شەڕەی بەر لە چوار مانگ لە دژی ئێران دەستی پێ كردووە، كە بەڵێنی داوە شەڕێكی كورت و كەم كاریگەر بێت. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل