هێزێكی تەناهی گەمارۆی دیوانی پارێزگای سەڵاحەدین دەدات

:: PM:10:47:20/07/2026 ‌

لە چوارچێوەی هەڵمەتی حكوومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەمشەو هێزێكی سەر بە دەستەی دەستپاكیی عێراق، گەمارۆی دیوانی پارێزگای سەڵاحەدینیان داوە و ئەوان بە دوای 55 فەرمانبەری داواكراو بە گەندەڵی دەگەڕێن و فەرمانی دادگای گرتنی ئەوانیان هەیە. 

بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی ئەمشەو هێزێكی سەر بە دەستەی دەستپاكی لە پارێزگای سەڵاحەدین هەڵیان كوتایە سەر دیوانی پارێزگاكە و گەمارۆیان دا، ئەوان بە دوای 55 فەرمانبەری داواكراو دەگەڕان و فەرمانی گرتنی ئەوانیان لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دارایی پێ بووە.

شەوی رابردوو بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی، هێزە هاوبەشەكانی دەستەی دەستپاكیی عێراق و دژەتیرۆر لە دوو پرۆسەی جیاوازدا هەڵیان كوتایە سەر دوو باخ لە ناوچەی زەعفەرانییە لە باشووری بەغدا، یەكێكیان هی شبل زەیدی سەرۆكی هاوپەیمانی خەدەمات و ئەویتر هی ئەحمەد ئەسەدی وەزیری پێشووی كار بووە، ئەوان بە دوای پارەی شاراوە لەو باخانە گەڕاون. 

شایەنی باسە لە ماوەی رابردوو هەڵمەتێكی فرەوانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق دەستی پێ كراوە، تا ئێستە ژمارەیەك سیاسەتوان و پەرلەمانتاری ئێستە و پێشوو و بەرپرسانی حكوومەت بە تۆمەتی گەندەڵییەوە گیراون و دەست بەسەر بڕێكی زۆری پارە و زێڕ لە ماڵ و باخەكانیان گیراوە و بەشێكیان هەڵاتوون، هەڵمەتەكە بەردەوامە و بڕیارە لە ماوەی داهاتوو لیستێكی تری 127 تۆمەتبار بێتە راگەیاندن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل