بەپێی چەند ئاماژەیەك، لەوانە گەڕانەوەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە واشنتن و پاڵپشتیكردنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەڵمەتی حكوومەتەكەی لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و زانیاریی چەند سەرچاوەیەكی حكوومەتی بەوەی لە ددانپێدانانی گیراوان لە هەڵمەتەكەی پێشوو، زانیاریی نوێ و ناوی چەندان تێوەگلاو ئاشكرا كراوە، چاوەڕوان دەكرێت بەم نزیكانە، دوای چەند رۆژێكی تر، هەڵمەتێكی نوێی گرتن دەست پێ بكات.
بەپێی
سەرچاوەكان ئەو لێكۆڵینەوەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دەستەی دەستپاكیی فیدراڵی لەگەڵ تۆمەتبارە گیراوەكانی دەكەن، بووەتە هۆی ئاشكرابوونی ناوی زیاتری تێوەگلاوان لە دۆسیەی گەندەڵی، بەتایبەتی لە وەزارەتەكانی نەوت و كارەبا و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و پیشەسازی و تەندروستی و بەرگری و شوێنی تریش، پارە دزراوەكان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار.
بەپێی سەرچاوەكان لە مانگی رابردووەوە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و تا ئێستە بە بەهای 400 ملیار دینار پارە و زێڕ و زەزیوزار و موڵكوماڵ گەڕێندراوەتەوە، لەوانە موڵكوماڵ و حیساباتی بانكی لە دەرەوە، بۆیە رۆژانی داهاتوو جێبەجێكردنی رێوشوێنی نوێی دادوەری و فەرمانی گرتن لە دۆسیەی گەندەڵی بەرانبەر بە ژمارەیەك سیاسەتوان و پەرلەمانتاری ئێستە و پێشوو دێتە راگەیاندن، لەوانە وەزیرێكی حكوومەتی پێشوو و سیاسەتوانێك و ئەندامی گرووپێكی میلیشیاكان و پەرلەمانتارێكی سەر بە میلیشاكان، لە دوو رۆژی رابردووش ژمارەیەك بەرپرسی تر لە بەندەركان و دیوانی پارێزگای سەڵاحەدین و وەزارەتەكانی بەرگری و پیشەسازی و تەندروستی گیراون.