راپۆرتێك: ترەمپ سەبارەت بە ئێران هیچ پەیامێكی بە زەیدی نەدا

:: PM:09:50:21/07/2026 ‌

هەفتەی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتنی كرد و چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ژمارەیەك بەرپرس و كۆنگرێسمان كەوت، بەپێی دوو سەرچاوەی عێراقی ئەو داوای گواستنەوەی پەیامێكی ترەمپی بۆ موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران كردووە، بەڵام لە بری ئەوە واشنتن پاڵپشتی لە هەوڵەكانی بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكەی بۆ دەربڕیوە.

بەپێی دوو سەرچاوەكە، كە یەكێكیان لە زەیدییەوە نزیكە و ئەو تریان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، زەیدی لە میانی سەردانەكەی بۆ واشنتن داوای گواستنەوەی پەیامێكی لە سەرۆكی ئەمەریكا بۆ رابەری باڵای ئێران كردووە، بەڵام ترەمپ ئەوەی نەكردووە و لە بری ئەوە وەك پاڵپشتییەكی ناراستەوخۆ بۆی، واشنتن پێی گوتووە پێشوازی لە هەر هەنگاوێك دەكەن كە بۆ هێوركردنەوەی دۆخی ناوچەكە بینێت. 

ئەمە و بڕیارە لە سەردانەكەی لە كۆتایی ئەم هەفتە، زەیدی سنووری ئەو پێشوازییەی واشنتن تاقی بكاتەوە، ئەو دەكەوێتە بەرانبەر هەوڵێكی گرنگ و ورد بۆ رازیكردنی ئێران بەوەی عێراق دەتوانێت یارمەتی هێوركردنەوەی دۆخەكە بدات بێ ئەوەی وەك نێردراوێكی ئەمەریكی دەربكەوێت، هەروەها هەوڵ دەدات لەبارەی میلیشیاكانەوە لەگەڵ تاران بگاتە لێكگەیشتن، لە بەرانبەر گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ داماڵینی چەكەكانیان.

بەپێی چەند سەرچاوەیەك، ئەگەرێكی دوورە ئێران بە رۆڵی زەیدی لە لێكنزیككردنەوەی لەگەڵ ئەمەریكا رازی بێت، چونكە ئێرانییەكان بە سەردانەكەی بۆ واشنتن و كۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ زۆر بێزار و توڕەن، بەتایبەتی كاتێك لە كاتی سەردانەكە راوێژكارێكی رابەری پێشووی ئێران زەیدی بە گەنجێكی كەمئەزموون وەسف كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل