بەریتانیا ڕێگە بە ئەمەریکا دەدات بنکەکانی بۆ لێدانی ئێران بەکار بهێنێت

:: PM:10:49:21/07/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 21ی تەمووزی 2026، ئاندی بێرنهام سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا، ڕەزامەندیی نیشان دا لەسەر بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشانەی کە بەریتانیا بە "بەرگری" ناویان دەبات دژی ئێران، بەمەش درێژە بە سیاسەتی کیر ستارمەری پێش خۆی دەدات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بیر لە فراوانکردنی جەنگەکەی دەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، بێرنهام ڕۆژی هەینیی ڕابردوو سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کردووە لەگەڵ گەورە وەزیر و بەرپرساندا بۆ تاوتوێکردنی سیاسەتی بەریتانیا، دوای ئەوەی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئۆپراسیۆنەکانی دەست پێ کردووەتەوە. بەرپرسانی ئەمەریکاش پێیان وایە کە دۆناڵد ترەمپ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیار دەدات ئایا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران فراوان بکات و بگەڕێتەوە بۆ جەنگێکی بەرفراوان، هەرچەندە تا ئێستە هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە.

بەرپرسەکان دووپاتیشیان کردەوە، ئەگەر ترەمپ فەرمانی دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بدات، هەڵمەتەکە "زۆر چڕتر" دەبێت لەو بۆردمانانەی کە بۆ ماوەی 10 شەوی لەسەریەک ئەنجام دران و لە حەوتی تەمووزەوە دەستیان پێ کرد. یەکێک لە بەرپرسەکان دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا تا ئێستە خۆیان لە ئەنجامدانی هێرش لە نزیک تاران یان بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەدوور گرتووە، بەڵام دووپاتی کردەوە، ئەگەر بڕیاری دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنی بەرفراوان بدرێت، ڕەنگە ئەوە بگۆڕێت.

پێشتر کیر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا لە مانگی ئاداری 2026 ڕای گەیاندبوو کە لەندەن ناچێتە ناو جەنگی ئێرانەوە و لە سەرەتادا داواکارییەکی ئەمەریکای بۆ بەکارهێنانی بنکەکان ڕەت کردبووەوە، بە پاساوی ئەوەی کە دەبێت دڵنیا بن لە یاساییبوونی هەر کارێکی سەربازی. بەڵام دواتر ستارمەر هەڵوێستی خۆی گۆڕی، دوای ئەوەی ئێران هێرشی کردە سەر هاوپەیمانەکانی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێگەی دا ئەمەریکا بنکەی فێرفۆردی ئاسمانیی هێزی شاهانەی بەریتانیا و بنکەی دیێگۆ گارسیا کە بنکەیەکی هاوبەشی ئەمەریکی-بەریتانییە لە زەریای هیند، بەکار بهێنێت.


وشە - پۆڵا مەحموود