ئەمڕۆ سێشەم 21ی تەمووزی 2026، پیت هیگسێس وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە تێچووی جەنگی وڵاتەکەی دژی ئێران تا ئێستە گەیشتووەتە 37.5 ملیار دۆلار، هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا بۆ دەیەمین شەوی لەسەریەک بەردەوام بووە لە بۆردمانکردنی ناوخۆی ئێران و ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئەمەریکاش لە سەرەتای جەنگەکەوە بۆ 17 سەرباز بەرز بووەتەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ یاسادانەرانی ئەمەریکا، هیگسێس ڕوونی کردەوە کە ئەو بڕە پارەیە تێچووە چاوەڕوانکراوەکانیش دەگرێتەوە تا 30ی ئەیلوولی داهاتوو. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "ڕووسیا و چین بە پلەی جیاواز یارمەتیی ئێران دەدەن بۆ ئەوەی بتوانێت هەندێک لە چالاکییەکانی ئەنجام بدات". دووپاتیشی کردەوە کە گەمارۆیەکی کاریگەر لەسەر هەموو کەشتی و بەندەرەکانی ئێران سەپێنراوە و گوتی: "گەمارۆکەمان بەردەوامە، گوشارەکان لەسەر ئێران زیاد دەکەن و دەتوانین بەردەوام بین". بەڵام ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ناتوانرێت هەموو بەلەمێکی خێرا یان هەموو مووشەکێکی ئێرانی لەناو ببرێت.
جەنگەکە لە 28ی شوباتی 2026 بە هێرشێکی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێ کرد. دواتر واشنتن و تاران لە 17ی حوزەیرانی ڕابردوو لێکتێگەیشتننامەیەکیان واژوو کرد کە ئامانج لێی چەسپاندنی ئاگربەست بوو، بەڵام ئاگربەستەکە هەرەسی هێنا و لە حەوتی تەمووزەوە هەردوولا بەشێوەیەکی فراوان دەستیان بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان کردەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا هێرشەکانی ئێران بە زۆری لەسەر بەحرێن و کوێت بووە، کە بنکەی سەربازیی ئەمەریکایان تێدایە. هەر ئەمڕۆش هەردوو وڵات ڕایان گەیاندووە کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران کارا کردووە. لە ئوردنیش سوپا ڕای گەیاندووە کە سێ مووشەک و پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە. لە بەرانبەردا، هێزەکانی ئەمەریکا بۆ دەیەمین شەوی لەسەریەک بەردەوام بوون لە بۆردمانکردنی ئێران. لە سەرەتای جەنگەکەوە 17 سەربازی ئەمەریکا کوژراون، کە سێیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە عێراق و ئوردن بوون و نزیکەی 100 سەربازی تریش بریندار بوون.