ئۆزگور ئۆزەل حزبی نوێی دروست كرد و 400 هەزار ئەندامی "جەهەپە"ی لەگەڵ خۆی برد

:: PM:02:33:22/07/2026 ‌
سەرۆكی لقی ئیستانبوڵی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، بە فەرمی دوورخستنەوەی حەوت سەرۆك لق و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ناوچەكەی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە كاتی بەردەوامبوونیان لە پۆستەكانیاندا، هاوكارییان بۆ دامەزراندنی پارتە نوێیەكەی ئۆزگور ئۆزەل كردووە یان بوونەتە بەشێك لەو جووڵە سیاسییە.

ئەم بڕیارەی دوورخستنەوە لە كاتێكدایە، جەهەپە رووبەڕووی لێكهەڵوەشانێكی گەورەی جەماوەری بووەتەوە، چونكە راستەوخۆ دوای گوتاری ماڵئاوایی ئۆزگور ئۆزەل لە پەرلەمان و راگەیاندنی "پارتی نوێ"، نزیكەی 400 هەزار ئەندام دەستیان لە ئەندامێتی جەهەپە كێشایەوە.

ئەم شەپۆلە گەورەیەی دەست لەكاركێشانەوە، پارتەكەی كەمال كڵچدارئۆغڵوی هەژاندووە، هاوكاتە لەگەڵ پێشبینییەكان بۆ كۆچێكی گەورەی پەرلەمانتاران، چونكە چاوەڕوان دەكرێت 94 پەرلەمانتاری ئێستەی جەهەپە پێوەندیی بە ئۆزەلەوە بكەن، ئەمەش ژمارەی كورسییەكانی جەهەپە بۆ 41 كورسی كەم دەكاتەوە و پارتەكە لە ریزبەندی دووەمەوە بۆ ریزبەندی پێنجەمی پەرلەمانی توركیا دادەبەزێنێت، ئەمەش بە گەورەترین شكستی مێژوویی ئەو حزبە دادەنرێت لە دوای وەرگرتنەوەی دەسەڵات لەلایەن كڵچدارئۆغڵووەوە.


 



وشە - سۆران عەزیز