لەوكاتەی 11 شەوە هێرشی ئاسمانیی سوپای ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بەردەوامە و تا ئێستە دەیان ئامانجی گرنگی ئەو وڵاتە بۆردمان كراون، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە هەڕەشەیەكی توندی لە ئێران كرد و رای گەیاند كە لە بەرانبەر هەر هێرشێك بۆ سەر كەشتییەكان لە گەرووی هورمز، پردێك یان وێستگەیەكی كارەبا بۆردمان دەكرێت.
ترەمپ لە پۆستێك لە ترووس سۆشیال نووسیویەتی، ئەگەر ئێران هێرش بكاتە سەر كەشتییەكان لە گەرووی هورمز، واشنتن هێرش دەكاتە سەر پردێك یان وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەگەری هەیە ئامانجەكان نزیك لە تاران بن یان لەناو شارەكە، بۆ لەمەودوا ئێران هێرش بكاتە سەر هەر كەشتییەك لە گەرووی هورمز، بە مووشەك یان درۆن یان بە هەر چەكێكی تر، لە بەرانبەردا ئەمەریكا پردێك یان وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆردمان دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەم ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی كرد، ئێران دەسەڵاتی بەسەر گەرووی هورمزدا نییە، ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ ئێران رێك بكەوین، بەڵام متمانەی پێ ناكەین، ئەگەر ئێران دانوستان رەت بكاتەوە، سەرۆك ترەمپ بژاردەیەكی زۆری هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران.