بۆچی وڵاتانی كەنداو وەڵامی هێرشەكانی ئێران نادەنەوە؟

:: PM:08:46:22/07/2026 ‌

لە بەرانبەر هەر هێرشێكی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، ئێران راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە رێگەی میلیشیاكانی وڵاتانی كەنداو دەكاتە ئامانج، ئەو دۆخە وای كردووە وڵاتانی كەنداو لەبارەی ئاڵوگۆڕكردنی زانیارییە هەواڵگری و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان هاوئاهەنگ بن، واتە لە بواری تەناهییەوە هاوكارن، بەڵام لە رووی سیاسییەوە ناكۆك و ركابەرن، ئەوان بە بەردەوام لە لایەن ئێرانەوە بۆردمان دەكرێن، بەڵام بۆچی دەست ناكەنەوە؟

لە ماوەی نێوان 28ی شوباتی رابردوو تا 17ی ئایاری رابردوو، ئێران زیاتر لە 6700 مووشەك و درۆنی بەرەو وڵاتانی كەنداو هەڵداوە، بەتایبەتی بۆ ئیمارات، كەچی وڵاتانی كەنداو لە بازنەی سەركۆنەكردن دەرناچن، سەعید حجری ئەفسەری پێشوو لە سوپای عومان دەڵێت، وڵاتانی كەنداو بۆشاییەكی گەورەیان لە لایەنی هێرشبردنەوە هەیە، ئەوان قووڵاییەكی ستراتیجیی هاوتای جبەخانەی مووشەكی و درۆنی ئێران نییە.

روونی كردەوە، تەنیا سعوودیە و ئیمارات هەندێك توانای سنوورداریان هەیە، وەك فڕۆكەی پێشكەوتوو، بەڵام بەكارهێنانی لە دژی ئێران، واتە وڵاتانی كەنداو لە پێگەیەكی وڵاتی بەئامانجگیراو دەبنە بەشێك و هاوبەشێك لە شەڕ، ئەوەش بڕیارێكی زۆر هەستیاری سیادییە و تا ئێستە هیچ وڵاتێكی كەنداو نەیداوە. 

حجری زیاتر گوتی، هەروەها هیچ وڵاتێكی كەنداو توانای وەڵامدانەوەیەكی لە هەمان ئاستی ئێران یان توانای لەناوبردنی جبەخانەكانی ئێرانی بێ پاڵپشتیی ئەمەریكا نییە، ئەو توانا بەرپەرچدانەوەشی ئێستە هەیە، هی خۆیان نییە و وەرگیراوە، ئەوەش لێكی دەداتەوە كە بۆچی جیاوازی لە نێوان توندی وتارەكانیان و كۆنترۆڵكردنی كاردانەوەكان هەیە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل