هێزی دەریایی سوپای پاسداران: گەرووی هورمز بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە

:: PM:10:08:22/07/2026 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 22ی تەمووزی 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ڕای گەیاند کە چوونەژوورەوە و دەرچوون لە گەرووی هورمز بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە و هۆشداریی لە بەکارهێنانی ڕێگەی لاوەکی دا، لە بەرانبەردا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە لە چوارچێوەی گەمارۆی دەریاییدا، ئاڕاستەی نۆ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە.

لە بەیاننامەیەکدا هێزی دەریایی سوپای پاسداران دووپاتی کردەوە، چوونەژوورەوە و دەرچوون لە گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی ئێمەدایە. هاوکات هۆشداریی ئەوەشی دا کە ڕێگە لاوەکییەکان نائارامن و نابێت بەکاربهێنرێن.

پێشتریش، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕای گەیاندبوو، ئاسایشی گەرووی هورمز بە نەبوونی هێزەکانی ئەمەریکاوە بەندە." هەروەها گوتبووی، "چەندین جار گوتوومانە کە دۆخی گەرووەکە ناگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگ.

بەڵام لە بەرانبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتكۆم) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە دوای دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران لە 14ی تەمووزی ئەمساڵەوە، ئاڕاستەی نۆ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و کەشتییەکی تریشیان لەکار خستووە، ئەمەش لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا بووە کە ئێران کردوویەتییە سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.


وشە - پۆڵا مەحموود