دەست بەسەر زێڕ و بڕە پارەیەكی تری گەندەڵی گیرا

:: PM:10:40:22/07/2026 ‌

لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق دەستی پێ كراوە، بەتایبەتی لە دوای گرتنی عەدنان جومەیلی بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری پاڵاوتن و لەسەر بنەمای ددانپێدانانەكانی، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەستبەسەرداگرتن و گەڕاندنەوەی چەندان ملیار دینار و بڕێك زێری راگەیاند. 

ئەمڕۆ چوارشەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دەستبەسەرداگرتنی بڕێكی زۆر پارە و زێڕی راگەیاند، دادوەری دووەم دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ تایبەت بە دۆسیەكانی دەستپاكی و سپیكردنەوەی پارە، رای گەیاند كە لێكۆڵینەوە و راوەدوونانی یاسایی كۆمپانیاكانی بە نایاسایی پارەیان حەواڵەی دەرەوە كردووە بەردەوامە، روونی كردەوە، ئەمڕۆ بڕی زیاتر لە ملیارێك دیناری عێراقی لە تاوانێكی فێڵكردن گەڕێندرایەوە.

لە لایەكی تر دادوەرەكە ئاشكرای كرد كە لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبار عەدەنان جومەیلی دەست بەسەر 13 ملیار دینار و 400 هەزار دۆلار گیراوە، كە لە چەند شوێنێك لە پارێزگای سەڵاحەدین شاردرابووەوە، جیا لە دەستگرتن بەسەر 40 سەبیكەی زێڕ، كە كێشی هەریەكەیان یەك كیلۆگرام بوو، جیا لە چەند پارەچە زێڕێكی تر كە پێنج كیلۆگرام دەبوو.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل