ڕۆبیۆ و لاڤرۆڤ لە مانێلا كۆبوونەوە

:: AM:09:59:23/07/2026 ‌
هەریەك لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە مانێلای پایتەختی فلیپین و لە پەراوێزی كۆبوونەوە و چالاكییەكانی ڕایەڵەی وڵاتانی باشووری ئاسیا ناسراو بە "ئاسیان" كۆبوونەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، دیداری سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و ماركۆ ڕۆبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە مانێلا نیو سەعاتی خایاند.

هاوكات ئاژانسی دی پی ئەی ئەڵمانی ئاماژەی داوە، چاوەڕوان دەكرێ لە دیدارەكەی ڕۆبیۆ و لاڤرۆڤ بە وردی باس لە ئەگەری ناوەندگیری ئەمەریكا لە نێوان مۆسكۆ و كییڤ كرابێ، بۆ كۆتاهێنان بە جەنگی ڕووسیا دژی ئۆكراینا.

پێش هەڵگیرسانی جەنگ لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران، واشنتن هەوڵەكانی چڕ كردبووەوە، تا ناوەندگیری لە نێوان مۆسكۆ و كییڤ بكات و كۆتایی بە جەنگی ئۆكراینا بهێنێت، لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگ هەوڵەكانی ئەمەریكا پاشەكشەیان كرد و پێكدادانەكانی نێوان ڕووسیا و ئۆكراینایش زیاتر پەرەیان سەند.

ماركۆ رۆبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێش كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، بۆ ڕۆژنامەوانان گوتی، ململانێكانی ئۆكراینا لەگەڵ لاڤرۆڤ باس دەكەین، ئەمەریكا بە كراوەیی ئامادەیی دەربڕیوە كە ڕۆڵ لە كۆتاهێنانی جەنگی ئۆكراینا بگێڕێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د