هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسای "توركیای بێ تیرۆر" لە پەرلەمان كاری لەسەر دەكرێت و گیراوەكان ئازاد دەكرێن

:: AM:10:21:23/07/2026 ‌
 بڕیارە ڕۆژی دووشەمی هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسای "توركیای بێ تیرۆر" پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكرێت، چاوەڕێ دەكرێت بەم هۆیەوە چوار هەزار گیراوی پەكەكە ئازاد بكرێن. لقی دیاربەكری كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤ، بە توندی ڕەخنەی لە هەڵویستی حكوومەتی توركیا گرت و هۆشداریی دا لەوەی كە بچووككردنەوەی پرسی كورد بۆ تەنیا "پرۆسەی چەكدانان"، دەرفەتێكی تری مێژوویی لە دەست دەدات.

ڕۆژنامەكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، دوای دیدارەكانی نوعمان كورتوڵموش سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی پارتە سیاسییەكان لەوانە جەهەپە و مەهەپە و ئاكپارتی و دەم پارتی، ڕێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ پەسندكردنی پڕۆژەیاساكە هاتووەتە ئاراوە و دەیانەوێت تا ناوەڕاستی ئاب پەسند بكرێت و جێبەجێ بكرێت.

هاوسەرۆكانی دەم پارتی داوایان كردووە، ددان بە پێگەی یاسایی ئۆجەلاندا بنرێت، گەریلاكانی پەكەكە بەبێ جیاكاری سوودمەند بن و یاسای پەشیمانبوونەوەش بەسەر گەریلاكاندا جێبەجێ نەكرێت، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان ڕای گەیاندووە هەموو شتێك بە جارێك ناكرێت و لە قۆناغەكانی داهاتوودا هەنگاوی تری یاسایی دەنێن.

تا ئێستە وردەكاریی پڕۆژەیاساكە ئاشكرا نەكراوە، بەڵام وەك دەگوترێت ئۆجەلان لە ئیمراڵی دێننە دەرەوە، نووسینگەیەكی تایبەتی بۆ دەكرێتەوە و لەوێوە دەبێتە بەشێك لە پرۆسەكە، ئەگەرچی دەم پارتی ئەوە بەكەم دەزانێت، بەڵام رێبەری پەكەكە رای گەیاندووە لەم قۆناغەدا خراپ نییە.

بەپێی خاڵەكانی پڕۆژەیاساكە، ئەندامانی پەكەكە بەر لێبوردن دەكەون و ئەوانەشی لە گرتووخانەن كە ژمارەیان چوار هەزار كەسە لەگەڵ كۆمەڵێك سەركردەی دیاریاندا ئازاد دەكەرێن، بەڵام لە پڕۆژەیاساكەدا باس لەوە دەكات ئەوانەی دەستیان لە تیرۆر و كوشتندا هەبووە، لێبوردنەكە نایانگرێتەوە.

لەمبارەیەوە كۆمەڵ و گرووپەكانی باكوری كوردستان نیگەرانن و هۆشداریی دەدەن،  لقی دیاربەكری كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤ (İHD) ڕاگەیەنراوێكی بۆ ڕای گشتی بڵاو كردەوە.

كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤ بە توندی ڕەخنەی لە هەڵوێستی بەرچاوتەنگانەی حكوومەتی توركیا گرت و هۆشدارییدا لەوەی، بچووككردنەوەی پرسی كورد بۆ تەنیا "پرۆسەی چەكدانان" دەرفەتێكی تری مێژوویی لە دەست دەدات.

ئەرجان یڵماز سەرۆكی لقی دیاربەكری كۆمەڵەكە، سەرنجی خستە سەر ڕێبازی بەرپرسانی دەوڵەتی توركیا كە دەیانەوێ دەروازەی گەڕانەوە، تەنیا بۆ كادرانی خوارەوە بكەنەوە و بەڕێوەبەرانی باڵا لە دەرەوەی یاسا بەجێبهێڵن. 

مەهمەت تاهیر ساچاكلی نوێنەری هەرێمی İHD ڕای گەیاند، بەبێ گۆڕانكاریی قووڵ لە سیستمی یاسایی و مافە مەدەنی و سیاسییەكان، یاسایەكی وشكی چەكدانان ناتوانێ متمانەی كۆمەڵایەتی دروست بكات.

 ساچاكلی ئاماژەی بەوە دا كە دەوڵەت دەبێت لاپەڕەیەكی نوێی چاكسازی بكاتەوە، بۆ ئەوەی دەستوور بتوانێت پشتگیریی لە ئاشتی كۆمەڵایەتی بكات.



وشە - سۆران عەزیز