لە ڕۆژاوای كوردستان بەڕێوەبەرە نوێیەكانی قامیشلۆ، دێرك و چڵئاغا بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر دەستبەكار بوون.
لە ڕێوڕەسمێكی جەماوەریدا بە بەشداریی هاووڵاتییان، دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان، بەڕێوەبەرە نوێیەكانی قامیشلۆ، دێرك و چڵئاغا پێشوازییان لێ كرا و بەفەرمی دۆسیەی كارەكانیان وەرگرت.
لە چوارچێوەی بڕیاری ئیداریی ژمارە 50 كە لە 19ی تەمووزدا دەرچووە، د. جیهان سەعید حوسام وەك بەڕێوەبەری ناوچەی قامیشلۆ دەستنیشان كرا. بەمەش بووە یەكەم ژن لە تەواوی سووریادا كە پۆستی بەڕێوەبەری ناوچەیەك (بەرپرسی ئیداریی ناوچەكە) وەربگرێت.
د. جیهان سەعید حوسام لە گوتارێكدا دووپاتی لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی یەكسان بۆ هەموو شار و شارۆچكەكان كردەوە و ڕای گەیاند: "بەبێ جیاوازیی خزمەتی قامیشلۆ، ئامودێ، تربەسپی، تل حەمیس و جەزا دەكەین."
ئاماژەی بەوەش دا كە حەسەكە نموونەی پێكەوەژیانی گەلانی جیاوازە و هاوكاری و كاری بەكۆمەڵی بە گرنگ زانی بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی سووریا.
هاوكات لەسەر ئاستی گۆڕانكارییە ئیدارییەكانی پارێزگای حەسەكە، شێڕۆ محەمەد شەڕۆ وەك بەڕێوەبەری ناوچەی دێرك و خالید ئیبراهیم ساڵح وەك بەڕێوەبەری ناوچەی چڵئاغا دەستبەكار بوون.
ئێستە ئەوەی كێشەی لەسەر ماوە، تەنیا سەرێكانییە كە هێزەكانی توركیا لەگەڵ گرووپەكانی سووریا داگیریان كرد، پاش ماویەكی زۆر مانەوە لەو سنوورە بەشێكیان بۆمبڕێژ كردووە و بەشێكیشیان بەعەرەبی هاوردە تەنیوە.
دوێنێ چوارشەم پارێزگارە كوردەكەی حەسەكە چووە ناوچەی سەرێكانی، عەرەبە هاوردەكان بەردبارانیان كرد.