ڕووسیا دەستی بەسەر شارێكی تری ئۆكراینا گرت

:: PM:01:08:23/07/2026 ‌
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئەمڕۆ پێنجشەم بڵاوی كردەوە، یەكەكانی هێزی ناوەندی ڕووسیا توانیان بە تەواوی كۆنترۆڵی شاری بیلیتسكۆی لە هەریمی دۆنیتسكی ئۆكراینا بكەن.

لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیادا هاتووە، دوێنێ 22ی تەمووز/یۆلیۆ یەكەكانی هێرشبەری هێزی ناوەندی ڕووسیا، توانیان دەست بەسەر تەواوی شاری بیلیتسكۆی بگرن.

ئاماژەی داوە، ئێستە شارەكە بە تەواوی لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ڕووسیادایە، ڕێوشوێنی گەڕان بە دوای سەربازانی ئۆكراینا كە خۆیان حەشار داوە لە ناو تەلار و شوێنەكانی ئەو شارە دەستی پێ كردووە.

ئێوارەی دوێنێ چوارشەم، هێزەكانی ڕووسیا بەهەمانشێوە كۆنترۆڵی شارەدێی بلاگۆداتنۆیە لە هەرێمی سەپەرۆشیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆكراینا و شارەدێی ئەرتیلنۆیە لە هەرێمی خاركیڤ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكراینایان ڕاگەیاند.

لەلایەكی تریشەوە ئەمڕۆ پێنجشەم هێزەكانی رووسیا، بە چڕی بۆردمانی دامەزراوەكانی ژێرخانیان لە بەندەری ئۆدیسا لە ئۆكراینا كرد. سەكۆكانی باركردن و دابەزاندنی كاڵا لە ناو كەشتییەكان لەو بەندەرە خاپوور كران، هەروەها كارگەیەكی دروستكردنی درۆن بە سەرجەم كەلوپەلەكانیەوە بۆردمان كرا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د