سەرۆكی بۆركینا بێ‌ سڵكردنەوە دژایەتیی عەرەب و ئیسلامییەكان دەكات

:: PM:01:31:23/07/2026 ‌
سەرۆكی بۆركینا:

ئیسلامی توندڕەو شوێنی لە وڵاتی ئێمە نییە

عەرەب یەكەمجار ئەفریقییەكانیان كرد بە كۆیلە

ئیبراهیم تراوری سەرۆكی بۆركینا فاسۆ، بێ سڵكردنەوە دژایەتیی عەرەب و ئیسلامییەكان دەكات و دەڵێ‌، "پێشوازیی لە عەرەب مەكەن، چونكە كۆیلایەتییان لە ئەفریقیا داهێناوە". لەبارەی ئیسلامییەكانیش دەڵێ‌، "هەر قوتابییەك لە وڵاتانی عەرەبی زانستە ئاینییەكان بخوێنێ‌، ئەوا دەبێت واز بهێنێت و ئەگەرنا هەڕەشە دەكەوێتە سەر رەگەزنامەكەی".

ئیبراهیم تراوری كە ئەفسەرێكی پێشووی بۆركینا بوو، ئێستە سەرۆكی وڵاتەكەیەتی، بەمدواییە لەسەر ئاستی میدیای جیهانی مشتومڕێكی دروست كردووە بە هەڵوێستەكانی، بەتایبەتیش وڵاتانی عەرەبی نیگەران كردووە، چونكە بێ هیچ پێچ و پەنایەك دژایەتیی وڵاتانی عەرەبی دەكات و بە كۆیلەكردنی ئەفریقییەكان تۆمەتباریان دەكات، سەرەڕای ئەمەیش بەرەنگاریی بیری توندڕەوی ئیسلامی دەبێتەوە.

ئەو سەرۆكەی  بۆركینا فاسۆ لە ساڵی 1988 لە دایك بووە، خوێندنی سەرەتای لە بۆندۆكۆ  بووە، دواتریش لە زانكۆی واگادوگۆ خوێندوویەتی. لە قۆناغی خوێندن وەك كەسێكی زۆر زیرەك ناسراوە، سەرەتا لە 2009 دەچێتە ریزی سوپای بۆركیان، ماوەیەك لە هێزەكانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەكگرتووەكان بووە، لە مەغریب مەشقی لەسەر دژە فڕۆكە كردووە. لە ساڵی  2019 لە ریزی سوپاكەی بەرەنگاری چەندان بزووتنەوەی یاخیبوونی وڵاتەكەی دەبێتەوە و دواتر لە ساڵی 2020 پلەی سەربازییەكەی بەرز دەبێتەوە.

لە مانگی ئەیلوولی 2022دا كودەتایەكی بەسەر پۆل هینری سەرۆكی وڵات ئەنجام دا، دواتر راستەوخۆ خۆی وەك سەرۆكی نوێی بزووتنەوەی نیشتمانی پاراستن و چاكسازی راگەیاند، ئینجا بووە سەرۆكی كاتی بۆركینا فاسۆ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان. ئیبراهیم ئێستەیش سەرۆكی كاتی وڵاتە، بەڵێنی داوە لە 2029 یان 2030  هەڵبژاردن لە وڵاتەكەی بكرێت.

لە 20ی حوزەیران ئەمساڵ پەرلەمانی كاتی بۆركیان فاسۆ، یاسای ئازادی ئاینی پەسند كرد، بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاشكرایان كرد ئامانج لە دەركردنی ئەو یاسایە، "چەسپاندنی خەسڵەتی عەلمانی دەوڵەتە". ئیبراهیم تراوری دووپاتی دەكاتەوە، "ئیسلامی توندڕەو شوێنی لە وڵاتی ئێمە نییە" دواتریش گوتارەكەی ئاراستەی توندڕەوەكان دەكات، "ئەگەر ئەمە ئیسلامی ئێوە بێت، ئێمە بەرەنگاری دەبینەوە، دەبێت توندڕەوەكان بگۆڕێت، ئەگەر ئەمە نەبێت، ئەوا جەنگەكە لە دژیان دەستی پێ كردووە".

سەرۆكی بۆركینا دەڵێ‌، "دەبێت ئاین بە پێڕەوكردنی رەفتاری چاك خەڵك بۆ خۆی كێش بكات، نەك تۆقاندن و توندوتیژی" گومانیش لەو مسوڵمانانە دەكات كە بەرەنگاری یاسای ئازادی ئاینی دەبنەوە و دەڵێ‌، "چونكە دەسەڵات كاری ئەو وتارخوێنانە رادەگرێت كە لە وتارەكانیان پەیامی توندڕەوییان هەیە".

ئیبراهیم تراوری داوایش لە قوتابیان دەكات كە لە وڵاتانی عەرەبی دەخوێنن بگەڕێنەوە وڵات یانیش خوێندنەكەیان بگۆڕن، چونكە 800 هەزار قوتابی هەیە ئاین دەخوێنن، ئەو دەڵێ‌، "هیچ  كارامەیی  و پیشەیەك فێر نابن، بۆیە دەبێت بگەڕێنەوە، هەر كەسێكیش نەگەڕێتەوە سەركێشی بە رەگەزنامەكەی دەكات". 

بۆچوونێكی تری سەرۆكی بۆركینا لەسەر عەرەب، ئەو پێی وایە عەرەبەكان  هەزار ساڵ لەمەوبەر دەستیان بە كۆیلەكردنی ئەفریقییەكان كردووە و دواجاریش ئەوان بازاڕی فرۆشتنی كۆیلەیان هەبووە، ئیبراهیم دەڵێ‌، "عەرەب دەستی بە كۆیلەكردنی ئەفریقییەكان كرد و دوایین كەسیش ئەوان بازاڕی فرۆشتنی كۆیلەیان هەبوو لە ساڵی 1962 داخرا". بۆیە پێی باش نییە هاووڵاتییانی وڵاتەكەی مامەڵە لەگەڵ عەرەب بكەن یان لە وڵاتانی عەرەبی بخوێنن.

 




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل