عێراقچی: هەڕەشەکەی ترەمپ پێشینەیەکی مەترسیدارە و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات

:: PM:12:55:24/07/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 24ی تەمووزی 2026، تاران وەڵامی هەڕەشەیەکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای دایەوە و ڕای گەیاند، بەکارهێنانی سامانی بلۆککراوی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی کەشتییەکان لە کەنداو، "پێشینەیەکە کە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و "پێشینەیەکی مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی، دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی وڵاتێکی تر بۆ دانەوەی داواکاریی داهاتوو کە هیچ پێوەندییەکی پێوە نییە، پێشینەیەکە کە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەمە پێشینەیەکی مەترسیدار پێکدەهێنێت.

عێراقچی دووپاتی کردەوە، بەمجۆردەی حكوومەتەکان دەستبەسەرداگرتن بە شتێکی ئاسایی بزانن، سەروەت و سامانی هیچ کەس پارێزراو نابێت و ئەو پشێوییەی لە ئەنجامدا دروست دەبێت، نە باش دەبێت و نە ئاشتییانە. هەروەها هۆشداریی داوە بەوانەی پێشوازی لەم کارە دەکەن، کاتێک حكوومەتەکان دەستبەسەرداگرتنی موڵکی ئەوانی تر دەکەنە کارێکی ئاسایی، هیچ سەروەت و سامانێک لە هەڕەشە بەدوور نابێت.

پێشتر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاندبوو، هەر زیانێک کە بەر کەشتییەکان یان بارەکانیان یان هەر موڵکێکی پێوەندیدار بکەوێت، لە ڕێگەی بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکانی ئێرانەوە لە ئەمەریکا قەرەبوو دەکرێتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود