بەحرێن بەرپەرچی چەند هێرشێکی ئاسمانیی ئێرانی دایەوە

:: PM:02:40:24/07/2026 ‌

ئەمڕۆ هەینی 24ی تەمووزی 2026، لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە ئەمنی و سەربازییەکانی ناوچەکە، فەرماندەیی گشتیی هێزی بەرگریی بەحرێن ڕای گەیاند کە بەرپەرچی چەند "دەستدرێژییەکی ئاسمانیی ئێرانیان داوەتەوە، هاوکات لە بەیاننامەیەکدا هاتووە کە تاوەری چاودێریی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمەریکا لە بەحرێن کراوەتە ئامانج.

لە بەیاننامەیەکدا، فەرماندەییەکە ڕای گەیاند، ئێران بەردەوامە لەسەر ڕێچکە دوژمنکارییە سیستماتیکەکەی لە ڕێگەی دەستدرێژییە تاوانکارییەکانییەوە کە هاووڵاتییانی مەدەنی لە شانشینی بەحرێن دەکاتە ئامانج. هەروەها داوای لە هەمووان کردووە کە وریا بن و لە هیچ تەنی نامۆ و گوماناوییەک نزیك نەکەونەوە.

ئەمە دوای ئەوە دێت کە لە بەیاننامەیەکدا هاتووە، سوپای پاسدارانی ئێران، تاوەری چاودێریی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمەریکای لە بەحرێن کردووەتە ئامانج و زیانێکی گەورەی پێ گەیاندووە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە، ئەمەریکا شەپۆلی یەک لەدوای یەکی بۆردمانەکان بۆ سەر پێگەکانی ناو ئێران ئەنجام دەدات، لە بەرانبەردا تاران بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەڵام دەداتەوە و ئەو بنکە و دامەزراوە سەربازییانە دەکاتە ئامانج کە دەڵێت پێوەندییان بە واشنتنەوە هەیە لە وڵاتانی ناوچەکە.


وشە - پۆڵا مەحموود