رۆژنامەی شەرق ئەوسەت بەدواداچوونێكی درێژی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە حزبە عێراقییەكان بە شیعە و سوننەوە ساڵانە 10% بودجەی گشتی دەوڵەت بۆ خۆیان دەبەن و ئەمەیش دەكاتە نزیكەی 15 ملیار دۆلار. لەو كارەیشدا بە پلەی یەكەم ئێران سوودمەند دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی 24ی تەمووز رۆژنامەی شەرق ئەوسەت بەدواداچوونێكی درێژی بڵاوكردووەتەوە، كە تێیدا چەندان بەرپرس و لێكۆڵەر و پەرلەمانتاری دواندووە و باس لەوە دەكات چۆن حزبەكانی عێراق بوونەتە خاوەنی نووسینگەی ئابووری تایبەت و لەوێشەوە ئابوورییەكیان بۆ خۆیان دروست كردووە كە تەریبە لەگەڵ ئابووری دەوڵەت.
ئەو دیاردەیە وەك رۆژنامەكە باسی دەكات لە 2006 وە دەستی پێ كردووە، زۆربەی حزبەكان نووسینگەی خۆیان بە ناوی جیاجیا لەناو وەزارەتەكان هەیە و لە ڕێگەی گرێبەست و كۆمپانیای وەهمی "خەیاڵی" پارەیان بۆ حەواڵە دەكرێت و بۆ خۆیان دەیبەن. رۆژنامەكە باس لەوەیش دەكات ئەو حزبانە بە میلیشیا و بە هەڵبژاردن پێگەی خۆیان بەهێز كردووە، بۆ ئەوەی لەسەر سوودمەندبوون بەردەوام بن.
هەروەها باس لەوەیش دەكات لە نووسینگەی ئابووری حزبەكان جۆرە سیستەمێكی ئاڵۆز دروست بووە، كە ئێستە خەریكە بە تەواوی بەدەردەكەوێت، بە تایبەتی دوای گرتنی عەدنان جومەیلی و گەندەڵكارەكانی تر. بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە خانەی یەكەم كە بەرپرسە هەرە باڵاكانی عێراق دەگرێتەوە.
بەرپرسێكی عێراقی بە رۆژنامەی شەرق ئەوسەتی راگەیاندووە، كاتێك بۆ بەرپرسانی بیانی باسی تەنگژەی دارایی و كەمی داهاتی نەوت بە هۆی گەرووی هورمز دەكەن، ئەوان لەوەڵامدا دەڵێن، "پارە لە دەوروبەرتانە، لە هەموو شوێنێك، بۆنی بۆگەنی دێت". مەبەست بڵاوبوونەوەی پارەی گەندەڵییە.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی شەرق ئەوسەت نزیكەی 10% بودجەی عێراق بۆ حزبەكان دەچێت كە بە نزیكەیی دەكاتە 15 ملیار دۆلار.
جیا لەوە بەگوێرەی زانیارییەكانی شەرق ئەوسەت لە ساڵانی رابردوودا لە ئەنجامی بوونی نووسینگەی ئابووری حزبەكان دوو جۆرە لە سەرمایەدار و خاوەنكار دروست بوون، یەكەمیان گرووپی سەرۆكی حزبن ئەوانە باج نادەن و هەموو ئامادەكارییەكیان لە فەرمانگەكانی حكوومەت بۆ دەكرێت، بەڵام لە بەرانبەردا پارەی هەڵمەتی هەڵبژاردن و كۆمپانیاكان و كەناڵە ئاسمانییەكان دەدەن. كەچی جۆری دووەم بازرگانانی كەرتی تایبەتن ئەوانە بە زەحمەت شایستەی دارایی خۆیان وەردەگرن كە بەپێی ئاماری بەڵێندەرانی عێراق لە 2025 نزیكەی 28 ملیۆن دۆلاریان لەلای حكوومەتە.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئێرانیش لەو گەندەڵییە لە راپۆرتەكە هاتووە، "ئێران راستەوخۆ پارە نابات، بەڵام سوودمەندە لە بوونی قەوارەی دارایی هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەتی بۆ پارەداركردنی میلیشیاكان" هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە بەرپرسانی پاسدارانی ئێران ئەوانەی لە عێراق كاردەكەن هاوشێوەی بەرپرسانی شیعە بوونەتە خاوەن بەرژوەندی دارایی.