ڕۆژنامەیەك: ئەگەری بە ئامانجگرتن و كوشتنی زەیدی هەیە

:: AM:09:37:25/07/2026 ‌
ڕۆژنامەیەكی عێراقی بڵاوی كردەوە، ڕاپۆرتی دەزگەكانی هەواڵگریی عێراق، دووپات لە بوونی ئەگەری بە ئامانجگرتن و هەوڵدان بۆ كوشتنی عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق لە ئارادایە، ئەگەر بەردەوام بێ لە جێبەجێكردنی پلانی چەكداماڵینی میلیشیاكان.

ڕۆژنامەی "مەدا" زانیاریی دەست كەوتووە و باسی لەوە كردووە، ڕاپۆرتی دەزگەكانی هەواڵگری ئەگەر و گریمانەی هەوڵدان بۆ كوشتنی زەیدی بوونی دەبێت، ئەگەر زەیدی سوور بێ لەسەر جێبەجێكردنی پلانی چەكداماڵینی میلیشیاكان و هاوشێوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كە پێشتر ماڵەكەی بە درۆن هێرشی كرایە سەر، بەهۆی ئەوەی دوو كەسی میلیشیاكانی بە تۆمەتی مووشەكبارانكردنی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا گرت.

پێشتر زەیدی لە میانەی چاوپێكەوتنێكی لە واشنتن گوتی، درك بە قەبارەی گەورەی بەرگری و بەربەستەكانی بەردەمم دەكەم لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە، بەڵام من ئامادەم بۆ مەرگ لە پێناوی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و بە هیچ شێوەیەك بە كەمتر لەوە ڕازی نابین.

لەلایەكی تریشەوە میسال ئالووسی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، بۆ "مەدا" گوتی، زەیدی لە سەردانەكەی بۆ واشنتن ئەوەی ویستی بە دەستی هێنا، بەڵام ئەو دەسكەوتە دەكرێ تاران لەسەرییەوە هەنگاو بنێت، لە كاتیكدا ئەو وڵاتە تا ئێستەیش ڕووبەڕووی تەنگژەی ئابووری و دارایی قووڵ بووەتەوە، لەوانەیش تەنگژەی مووچە و خزمەتگوزاری، دەكرێ میلیشیاكان و ئێران لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی زەیدی ببنەوە، ئەو دۆسیانە و شەقام بجووڵێنن و دواجار زەیدی و حكوومەتەكەی كۆتایی پێ بهێنن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د