عێراقچی: دەتوانرا ناكۆكییەكان لەبارەی گەرووی هورمز بە دانوستان چارەسەر بكرێت

:: PM:04:52:25/07/2026 ‌

شارەزایان پێیان وایە بەرپرسانی ئێران سیاسەتێكی دووفاقی بۆ درێژكردنەوەی دانوستانەكان و دوورخستنەوەی رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا لە پرسی گەرووی هورمز بەكار دێنن، لەوكاتەی دانوستان دەكەن، هێرش دەكەنە سەر كەشتییەكان لە گەرووی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی كردەوە كە دەتوانرا ناكۆكییەكان لەبارەی گەرووی هورمز بە دانوستان چارەسەر بكرێت.

وەك بەشێك لە میدیاكانی ئێران گواستیانەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمەریكای بە هەڵبژاردنی رێگەی پەرەسەندن و شەڕ بەسەر دانوستانەكان لەبارەی گەرووی هورمز تۆمەتبار كرد، دووپاتی كردەوە كە دەكرا ناكۆكییەكانی پێوەندیدار بە یاداشتی لێكگەیشتنی واژووكراو لە لایەن هەردوو وڵات بە رێگەچارەی دیپلۆماسی چارەسەر بكرایە. 

روونی كردەوە، واشنتن دەیتوانی ناكۆكییەكان لەبارەی بڕگەی پێنجەمی یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمەریكا چارەسەر بكات، بەڵام رێگەیەكی تری هەڵبژاردن و ئەوەش ئاڵۆزییەكانی لە گەرووی هورمز زیاتر كرد، عێراقچی سوپای ئەمەریكای بەوە تۆمەتبار كرد كە كەشتییەكانیان بەرەو بەكارهێنانی رێڕەوێكی جیاواز لەوەی تارانی دیاری كردبوو، ئاراستە كرد و ئەوەش پێشێلكردنی لێكگەیشتنی پێشووە و دۆخی گەرووی هورمزی زیاتر ئاڵۆز كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل