بڕیارە سبەی یەكشەم نەواف سەلام سەرۆك وەزیرانی لبنان سەردانی بەغدا بكات، شارەزایان پێیان وایە سەردانەكە زیاتر ئابوورییە و تەوەرێكی سەرەكیی گفتوگۆیە لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی پڕۆژەی هێڵی نەوتی عێراق- سووریا- لبنان.
سەردانەكەی سەلام بۆ
بەغدا هاوكاتە لەگەڵ بوونی وتوێژێكی فرەوان لە ناوچەكە لەبارەی وزە و دەروازەكانی گەیاندنی بە بازاڕەكانی دنیا دوور لە گەرووی هورمز، جیا لە هەوڵەكانی لبنان بۆ پەرەپێدانی پێوەندییە ئابوورییەكان لەگەڵ سووریا و عێراق و توركیا و بەهێزكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی لە دوای لاوازبوونی حزبوڵا.
بەر لە چەند رۆژێك هەریەكە لە عێراق و سووریا یاداشتێكی لێكگەیشتنیان بۆ زیندووكردنەوەی بۆری نەوتی كەركووك بانیاس واژوو كرد، لە هەنگاوێك كە ئەمەریكییەكان پاڵپشتی دەكەن و كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكەن، لبنان دەیەوێ ببێتە بەشێك لە پڕۆژەكە و پاڵاوگەی تەرابلووس وەك پڕۆژەیەكی ستراتیجیی لبنان ببووژێنێتەوە، بەوەش جیا لە هەزاران هەلی كار، جووڵەی بازرگانی و دەریاوانی و ئابووری لە شاری تەرابلووس و ناوچەكانی باكوری لبنان زیندوو دەكاتەوە.