دۆخی ناوچەكە روو لە پەرەسەندنی زیاترە، ئێران خۆی لە دانوستان و رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا دەدزێتەوە و لە هێرشكردنە سەر كەشتییەكان لە گەرووی هورمز بەردەوامە، حوسییەكان شەڕیان لەگەڵ سعوودیە دەست پێ كردووە، میدیاكانی ئیسرائیل رایان گەیاند كە وڵاتەكەیان خۆی ئامادە كردووە و چاوەڕوانی بڕیارێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سەبارەت بە داهاتووی هێرشەكانی سەر ئێران دەكات.
وەك كەناڵی 12ی ئیسرائیلی گوتی، كۆمپایا ئاسمانییە بیانییەكان دەستیان كردووە بە هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ ئیسرائیل و لە ئیسرائیلەوە، لەوانە كۆمپانیاكانی ئیتاڵیا و نەمسا، كە ئەوەش رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ ئەو دۆخەی چاوەڕوان دەكرێت.
لای خۆیەوە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی لە چەند بەرپرسێكی ئەو وڵاتەی گواستەوە كە ئێران مووشەكی جۆری "خەیبەر شكن"، لە هێرشەكانی دوایی بۆ سەر بنكە سەربازییە ئەمەریكییەكان لە ناوچەكە بەكار دێنێت، ئێران هەوڵ دەدات فێڵ لە بەرگریی ئاسمانیی ئەمەریكا بكات.
پێنجشەمی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی راگەیاند، تاوتوێی ئەنجامدانی هێرشێكی گەورەتر لەوانەی پێشوو لە دژی ئێران دەكەم و زۆر نزیكم بڕیار بدەم و بۆ ئەو كارەش ئامادەین، ئەگەر داوا بكەم، ئیسرائیل لە ماوەی تەنیا دوو خولەكدا ئامادەیە بەشداری لە هەڵمەتەكە بكات، بەڵام پێویستیمان بەوە نییە.
ترەمپ ئاماژەی كرد، ئێرانییەكان دەیانەوێ دانوستان بكەین، بەڵام ئامادە نین ئێستە بگەین بە رێككەوتن و پێ دەچێت هێشتا ئەوەندە ئازاریان پێ نەگەیشتبێت.