"شەڕ هەڵبگیرسێت عێراق زەرەرمەندی گەورەیە"

:: PM:05:43:25/07/2026 ‌

دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو لە پەرەسەندنی زیاترە، بەتایبەتی كە تا ئێستە هەوڵەكانی دانوستان و ئاگربەستێكی نوێ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا بە بنبەست گەیشتووە، بەها ئەعرەجی سەرۆكی لیستی ئیعمار و تەنمییە لە پەرلەمانی عێراق وریایی لە كاریگەریی هەر شەڕێك لە نێوان ئەمەریكا و ئێران دەدات.

ئەمڕۆ شەموو ئەعرەجی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، لێدوانەكانی دوایی بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئەمەریكا و ئێران ئاماژە بۆ پەرەسەندنێكی مەترسیدار لە ناوچەكە دەكات، كە رەنگە خاكی عێراق ببێتە گۆڕەپانێكی سەرەكیی هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی گریمانكراوی سەربازی. 

ئەعرەجی دووپاتی كردەوە، شوێنی جوگرافیی عێراق و تێكهەڵكێشیی بەرژەوەندییەكانی ناوچەكە و نێودەوڵەتی، پێویست بە جموجۆڵێكی بەپەلەی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە لێكەوتەكانی شەڕ دەكات، دووپاتی لە پێویستی پاراستنی عێراق لە رووچوون بۆ ناو شەڕێك كردەوە كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ناكات، بۆیە داوای چڕكردنەوەی هەوڵەكانی بۆ رێگرتن لە شەڕ و بێلایەنیی عێراق كردەوە، بۆ ئەوەی نەبێتە لایەنێك یان گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی حیساباتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل