عێراقچی: ئێمە ڕێڕەوی کەشتیوانی لە هورمز دیاری دەکەین

:: PM:07:25:25/07/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 25ی تەمووزی 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتن، ئێران مافی دیاریکردنی ڕێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا هەیە و ڕای گەیاند کە هیچ دوژمنایەتییەکیان بەرانبەر وڵاتانی ناوچەکە نییە، هاوکات ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کەشتییەکانی ناچار کردووە ڕێڕەوی تر بەکاربهێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێرشەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن.

عێراقچی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندووە، کە پێوەندییان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامە و هیچ دوژمنایەتییەکیان بەرانبەر بەو وڵاتانە نییە. سەبارەت بە گەرووی هورمز، ئاماژەی بە خاڵی پێنجەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە کرد، کە تێیدا هاتووە ئێران ڕێکاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی مانگێکدا.

هەروەها دووپاتی کردەوە، ئەو ڕێکارانە بە واتای ئەوە دێن کە ئێران خۆی ڕێڕەو و ڕێچکەی کەشتیوانی دیاری دەکات، بە جۆرێک کە گەڕانەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی بۆ ئاستی پێش جەنگ مسۆگەر بکات. عێراقچی گوتیشی، ئەگەر بڕیار بێت ڕێڕەوێکی نوێ زیاد بکرێت یان یەکێکی تر هەڵبوەشێنرێتەوە، دەبێت لە چوارچێوەی ڕاوێژکردن لەگەڵ ئێراندا بێت و بەپێی خاڵی پێنجەمی یاداشتەکە بێت. ڕوونی کردەوە، ئەو ڕێڕەوەی ئێران دیاریی کردبوو، لەسەر بنەمای سەلامەتی و پاراستنی کەشتییەکان بووە، چونکە ناوچەکە بە مین چێنرابوو.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە دا کە ئەمەریکییەکان کەشتییەکانیان لەو ڕێڕەوەی کە ئێران دیاریی کردبوو دوور دەخستەوە و بە کردەوە پاڵیان پێوە دەنان ڕێڕەوێکی تر لە گەرووی هورمزدا بەکاربهێنن. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە بەئامانجگرتنەکانی ئێران بۆ ئەوەی ناوی دەنێت بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە وڵاتانی ناوچەکەدا زیادیان کردووە، ئەمەش دوای ئەو بۆردمانانە دێت کە ئەمەریکا بۆ سەر چەند شارێکی ئێران ئەنجامی داون.


وشە - پۆڵا مەحموود