بەهۆی بوونی شوێنە پیرۆزەكان لە بەغدا و نەجەف و كەربەلا و سامەرا، عێراق هەلێكی باشی گەشتیاریی ئاینی هەیە، كەچی ئەو كەرتەش وەك كەرتەكانی تر بە دەست كەمتەرخەمییەوە دەناڵێنێت كە نەتوانراوە وەك پێویست سوودی لێ ببینرێت، شانەی راگەیاندنی تەناهی باسی ئەوە دەكات لە سەرەتای موحەرەمەوە تا دوێنێ زیاتر لە 1.27 ملیۆن سەردانیكار هاتوونەتە عێراق.
ئەمڕۆ شەموو شانەی راگەیاندنی تەناهی لە عێراق دووپاتی كردەوە كە لە سەرەتای مانگی موحەرەمەوە تا دوێنێ، ملیۆنێك و 273 هەزار و 758 كەس سەردانی عێراقیان كردووە،
سەعد معەن سەرۆكی شانەكە لە بەیاننامەیەك دووپاتی كردەوە، هاتنی ئەو ژمارە بۆ سەردانیكردنی شوێنە پیرۆزەكانە و هاتنی ئەوان لە دەروازە سنوورییە جیاوازەكان بەردەوامە.
شایەنی باسە عێراق چەندان شوێنی پیرۆزی لای تایفەی شیعە لەخۆ دەگرێت، لەوانە مەزارەكانی ئیمام عەلی و ئیمام حوسێن و چەند ئیمامێكی تر، ئەوە وای كردووە ساڵانە لە بۆنە جیاوازەكاندا، بەتایبەتی لە موحەرەم و عاشوورا و چلەی ئیمام حوسێن، ملیۆنان كەس سەردانی ئەو ناوچانە بكەن، بەتایبەتی لە ئێران.