سوپای پاسداران: حەوت ناوەندی فەرماندەیی و 17 کۆگای چەکمان تێک شکاندووە

:: PM:09:05:25/07/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 25ی تەمووزی 2026، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، ئامارێکی وردی ئەو زیانانەی ئاشکرا کرد کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا و لە ئەنجامی هێرشەکانیان، بەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە کەوتووە. بەپێی ئامارەکە، دەیان سیستەمی ڕادار و بەرگریی ئاسمانی، ناوەندی فەرماندەیی، کۆگای چەک و فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوان کراونەتە ئامانج، لە کاتێکدا کە تا ئێستە لایەنی ئەمەریکی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو ئامارانە نەداوە.

لە بەشێکی ئامارەکەدا، گوتەبێژەکە ڕای گەیاندووە کە سیستەمەکانی ڕادار و بەرگریی ئاسمانی کراونەتە ئامانج، کە پێکهاتوون لە،  حەوت ناوەندی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، سێ سیستەمی پێوەندی لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە، شەش ڕاداری جۆری "پاتریۆت"، سێ ڕاداری کۆنترۆڵ و چاودێریی ئاسمانی و دەریایی، هەشت سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، حەوت ڕاداری بەرگریی ئاسمانیی مووشەکی، سێ سیستەمی ڕاداری (EPS)، دوو ڕاداری جۆری (EPS-117)، پێنج ڕاداری دوورمەودا، دوو ڕاداری بەرگریی ئاسمانی و یەک کۆمەڵگەی ڕاداری تاکتیکی.

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، کە هێرشەکان سیستەمی پشتیوانی و پاڵپشتیشیان گرتووەتەوە، کە بریتی بوون لە: شەش ناوەندی چاککردنەوەی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، سێ ناوەندی پشتیوانیی لۆجستی، 12 تانکیی سووتەمەنی، 17 کۆگای چەک و پارچەی یەدەگی کەشتی و فڕۆکە، لەگەڵ شەش کۆگای مووشەک.

گوتەبێژەکە دووپاتی کردەوە کە ژێرخانی سەربازیش کراوەتە ئامانج و ڕای گەیاند، کە ئەمانەی لەخۆگرتووە: شەش حەشارگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "MQ-9"، پێنج حەشارگەی فڕۆکەی جەنگی، چوار کۆمەڵگەی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت"، شەش سەکۆی هەڵدانی مووشەک، چوار سەکۆی مووشەکی "هیمارس"، لەگەڵ دوو ناوەندی فەرماندەیی، دوو ناوەندی پێوەندی، یەک ناوەندی هەواڵگری، یەک ناوەندی زیرەکیی دەستکرد، وێستگەیەکی پاڵنانی سووتەمەنی، یەک سەکۆی سووتەمەنی، چوار پەناگەی فڕۆکەی جەنگی و شەش ڕێڕەوی فڕین و وەستان.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی سوپای پاسداران، ئۆپراسیۆنەکان بوونەتە هۆی تێکشکاندن یان زیانپێگەیاندنی 11 فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر لەسەر زەوی، 17 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی و ئۆپراسیۆنی، کە هەشت فڕۆکەیان نوێ بوون، لەگەڵ فڕۆکەیەکی جەنگیی "F-15"، فڕۆکەیەکی چاودێریی دەریایی "P-8"، فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازیی "C-17" و هەشت فڕۆکەی پڕکردنەوەی سووتەمەنی و چوار هەلیکۆپتەری قورس. تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن ئەمەریکاوە لەسەر ئەم ئامارە یان قەبارەی زیانە ڕاگەیەنراوەکان نەدراوە.


وشە - پۆڵا مەحموود