شارەزایان: داخرانی گەرووەكانی هورمز و بابولمەندەب كارەسات دروست دەكات

:: PM:09:12:25/07/2026 ‌

ئێران راستەوخۆ و لە رێگەی حووسییەكانیشەوە ناراستەوخۆ هەڕەشەی خستووەتە سەر هاتوچۆی دەریایی بازرگانی و نەوتی لە هەردوو گەرووی هورمز و بابولمەندەب، شارەزایەكی ئابووری باسی سیناریۆیەكی شۆكهێنەر بۆ بازاڕی نەوتی دنیا لە كاتی داخرانی گەرووی بابولمەندەب دەكات، كە نرخی نەوت بەرەو 150 دۆلار بەرز دەكاتەوە.

د. مەیسەم زوبێدی شارەزای ئابووری هەر داخرانێك یان پەككەوتنی هاتوچۆی دەریاوانی لە هەردوو گەرووی هورمز و بابولمەندەب، بازاڕی نەوت دەخاتە بەردەم یەكێك لە مەترسیدارترین تەنگژەكان لەوەتەی دەیان ساڵەوە، چونكە ئەو دوو گەرووە دوو رێڕەوی سەرەكیی گواستنەوەی نەوت و غازن لە نێوان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بازاڕەكانی دنیا، ئەوەش وا دەكات بەهۆی ترس لە كەمیی خستنەڕوو نرخی نەوت بە شێوەیەكی پێوانەیی بەرز ببێتەوە.

بەو پێیەی پێنج لەسەر یەكی نەوتی دنیا بە گەرووی هورمز تێپەڕ دەبێت، بابولمەندەبیش رێڕەوێكی سەرەكییە بۆهەناردنی نەوت و كاڵاكان بەرەو ئەوروپا و ئەمەریكا لە رێگەی نۆكەندی سوێسەوە، ئەو شارەزایە وای دەبینێت كە دروستبوونی كێشەی هاتوچۆ لەو دوو گەرووە  تەنیا كار لە گرانبوونی نرخی نەوت ناكات، بەڵكو كرێی گواستنەوە و بار و بیمەی گواستنەوەی دەریاوانی زیاد دەكات، ئەوەش رەنگدانەوەی لەسەر تێكڕای هەڵاوەسان و نرخی سووتەمەنی و كاڵاكان لە وڵاتانی دنیا دەبێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل