ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوە لە ئۆكراینا دەکات

:: PM:08:25:26/07/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 26ی تەمووزی 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆكراینا کرد، دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێران لە دەریای قەزوین و دەریاوانێک کوژرا. عێراقچی، ئیسرائیلی بە هاندانی کیێڤ تۆمەتبار کرد بۆ ئەوەی ئەوروپا ڕابکێشێتە ناو جەنگەکەیەوە، لە بەرانبەردا زێلێنسکی ڕای گەیاندووە، ئەو کەشتییانەیان کردووەتە ئامانج کە باری سەربازیی پێوەندیدار بە ئێرانیان گواستووەتەوە.

لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، عێراقچی ڕای گەیاندووە، زێلێنسکی هێرشێکی کردە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی دەریاوانێک. ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بە هاندانی ئیسرائیل کراوە بۆ ئەوەی ئەوروپا ڕابکێشێتە ناو جەنگەکەیەوە.

عێراقچی دووپاتی کردەوە، لە پێوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا، کالاس، و وەزیری دەرەوە، لاڤرۆڤ، ڕوونم کردەوە کە ئەو کارەی ئەم کەسە لە کیێڤ کردوویەتی، ناتوانرێت لێی بێدەنگ بین.

پێشتریش، عێراقچی هێرشە ئۆکرانییەکەی سەر کەشتییە ئێرانییەکەی شەرمەزار کردبوو و داوای سزادانی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تاوانکارییە و پشتیوانەکانیانی کردبوو. دوێنێ شەویش، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا "دەستدرێژیی سەربازیی ئۆكراینا"ی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکە شەرمەزار کردبوو و ڕای گەیاندبوو، ئێران دوودڵ نابێت لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەییی خۆی بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، بەتایبەتی بنەمای بەرگریکردن لە خۆ، و بەرپرسیارێتیی دەرئەنجامەکانی سەرکێشییەکانی ئۆکرانیا دەکەوێتە ئەستۆی ڕژێمی ئۆکرانیا و پشتیوان و هاندەرانی.

لە بەرانبەردا، زێلێنسکی دوێنێ شەموو ڕای گەیاندبوو کە ئۆكراینا ئەو کەشتییانەی لە دەریای قەزوین کردووەتە ئامانج، کە بە گوتەی ئەو، باری سەربازیی پێوەندیدار بە ئێرانیان گواستووەتەوە. زێلێنسکی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیبووی، ئێمە ئەو کەشتییانەمان کردە ئامانج کە بۆ گواستنەوەی باری سەربازیی پێوەندیدار بە ئێرانەوە بەکاردەهێنران، لەگەڵ کەشتییەکی جەنگیدا.


وشە - پۆڵا مەحموود