ئەمڕۆ یەکشەم 26ی تەمووزی 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە کە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، براد کوپەر، پێشنیاری ڕاگرتنی هەڵمەتی بۆردمانکردنی ئێرانی کردووە، بەتایبەتی لە دەوروبەری گەرووی هورمز، چونکە گەیشتووەتە ئەوپەڕی سنووری کاریگەریی خۆی. بەپێی ماڵپەڕەکە، ئەم پێشنیازە کاریگەریی لەسەر بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هەبووە بۆ هەڵپەساردنی بۆردمانەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی دەکاتەوە کە پێوەندییەکان لەگەڵ تاران بەردەوامن.
ماڵپەڕە ئەمەریکییەکە لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە کە پێشنیازەکەی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی و ڕاوێژکارانی تر، کاریگەرییان لەسەر بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هەبووە بۆ هەڵپەساردنی بۆردمانەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران.
بەپێی سەرچاوەکان، کوپەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) و کۆشکی سپی ڕاگەیاندووە، کە بۆردمانکردنی ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە، توانای ئەو وڵاتەی بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان تا ڕادەیەکی زۆر لاواز کردووە، و دووپاتی کردووەتەوە کە زۆربەی ئەو ئامانجانەی بۆ بۆردمانکردن دیاری کرابوون، پێشتر بۆردمان کراون.
پێشتر و هەر ئەمڕۆ، مایک واڵتز باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "ئێن بی سی" ڕای گەیاندبوو، کە سەرۆک ترەمپ "هەموو بژاردەکان لەسەر مێز دەهێڵێتەوە،" بەڵام لە هەمان کاتدا "دەرفەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران دەدات بۆ ئەوەی بجوڵێن." هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران "لەسەر هەموو ئاستەکان بەردەوامن."