وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رای گەیاند، بە كۆمەڵێك درۆن میلیشیا تیرۆریستەكانی عێراق ئەوانەی سەربە ئێرانن، هێرشیان كردە سەر سعوودیە، بەڵام تێكشكێنران.
ئەمڕۆ دووشەم 27ی تەمووز، توركی مالیكی گوتەبێژی
وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رای گەیاند، هێزی بەرگریی سعوودیە لە چەند سەعاتی رابردوودا چەندان درۆنیان تێكشكاندووە كە هەوڵیان داوە دامەزراوە نەوتییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی سعوودیە و ریاز بكەنە ئامانج.
مالیكی دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو درۆنانە لە خاكی عێراقەوە هەڵدراون، "میلیشیا تیرۆریستەكانی سەربە ئێران ئەنجامیان داوە". گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە باس لەوەیش دەكات، وڵاتەكەی مافی وەڵامدانەوەی هەیە، بەڵام بۆ كات و شوێنێكی گونجاو هەڵیدەگرێت.
پێشتر سعوودیە و كوێت و ئوردن بە فەرمی ناڕەزاییان بە عێراق دابوو، داوایان لێ كردبوو هێرشی میلیشیاكان رابگرێت.