لە دوای دوو رۆژ لە لێدوانەكانی ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا كە ئاماژەی كرد، جێبەجێكردنی رێككەوتن لەگەڵ كورد بە سستی بەڕێوە دەچێت، سەرچاوەیەكی نزیك لە حكوومەتی سووریا باسی پەرەسەندن لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی دوایی نێوان شەرع و مەزڵووم عەبدی دەكات، بەوەی بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری بێتە راگەیاند.
سەرچاوە سوورییەكە ئاماژە دەكات كە بڕیارە بەفەرمی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری لە ناوچە كوردییەكانی باكور و باكوری رۆژهەڵاتی سووریا بێتە راگەیاندن، ئەوەش بەپێی رێككەوتنی كۆتایی كانوونی دووەمی رابردووی نێوان شەرع و عەبدی، كە بە درێژایی زیاتر لە 10 ساڵە لە ناوچە كوردییەكان دامەزراوە.
هەر بەپێی سەرچاوەكە پێشبینی دەكرێت بەرپرسانی كورد لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا رابگەیەنن، ئەگەرچی تا ئێستە هیچ وادەیەك بە فەرمی بۆ كۆنگرەكە دیاری نەكراوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەكە هێشتا ئامادەسازی هەیە و ئەگەری هەیە لە سەرەتای مانگی ئابی داهاتوو بێتە سازكردن.
دووپاتی كردەوە، بەتایبەتی لە دوای كۆتاهاتنی دامەزراندنە ئیدارییەكان لە حەسەكە و دەشتەكەی، جیا لە چارەسەركردنی دۆسیەی گەڕانەوەی دانیشتووانی كوردی هەردوو ناوچەی گرێ سپی و سەری كانی بۆ ناوچەكانیان، كە رەنگە ئەو دۆسیە راگەیاندنەكە دوا بخات، چونكە هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری گەڕانەوەی تەواوەتیی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان كردووتە پێشمەرجی راگەیاندنی هەڵوەشانەوەی خۆیان.