موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له عێراق له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕه‌تی كرده‌وه به‌رپرس و ئه‌نجامده‌ری بۆردمانكردنی دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی سعوودیه بێت و هه‌ڕه‌شه‌یشی كرد ئه‌گه‌ر شانشینی سعوودیه هه‌ر كردارێك دژیان ئه‌نجام بدات، ئه‌وا وه‌ڵامی زۆر توندیان ده‌بێت.
له ڕاگه‌یه‌نراوێكی موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له عێراق كه به‌ره‌ی گرووپه میلیشیاكانی ئێرانه له عێراق و له ژێر ئه‌و ناوه كۆكراونه‌ته‌وه، هاتووه: له كاتێكدا قه‌واره‌ی سعوودیه به‌رده‌وامه له تۆمه‌تباركردنی عێراق، به‌وه‌ی كه له ناو خاكی عێراقه‌وه دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی له ڕۆژهه‌ڵاتی سعوودیه و ڕیاز كراونه‌ته ئامانج.
ئاماژه‌ی داوه، ئه‌و ده‌نگۆیانه هیچی تر زیاد ناكات، ته‌نیا باوه‌ڕبوون به‌وه‌ی كه دوژمنانی عێراق و گه‌له‌كه‌ی ده‌یانه‌وێ په‌ڵه‌یه‌كی ناشرین به سیسته‌می سیاسی عێراقه‌وه بلكێنن.
له به‌شێكی تری
ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه هاتووه، ئێمه له موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی هۆشدارییه‌كی ڕوون به سعوودیه ده‌ده‌ین، كه هه‌ر كرده‌یه‌كی گه‌مژانه‌ی سعوودیه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قورسی ئێمه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و ناچاریان ده‌كه‌ین په‌نجه‌ی په‌شیمانی بگه‌زن.
دوێنێ دووشه‌م توركی مالیكی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری سعوودیه ئاشكرای كرد، چه‌ند درؤنێك له ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی سعوودیه و ڕیازیان كردووه‌ته ئامانج و به‌رگری ئاسمانی توانیویه‌تی به‌رپه‌رچیان بداته‌وه و تێكیانبشكێنێت.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه درۆنه‌كان له خاكی عێراقه‌وه و له‌لایه‌ن میلیشیا تیرۆریسته‌كانی سه‌ر به ئێران به ئاراسته‌ی سعوودیه هه‌ڵدراون.