مۆساد و CIA لە دۆزینەوەی موجتەبا خامنەیی بێ ئومێدن

:: PM:01:38:28/07/2026 ‌
بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمەریكا و ئیسرائیل دووپاتی دەكەنەوە، لە شێوازی گەڕان بەدوای موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران بێ ئومێدن، بۆیە دەیانەوێ‌ پەنا بۆ شێوازێكی كۆن ببەن، ئەویش هەواڵگریی مرۆییە كە لە ناوخۆی ئێران، ئەمەریكا لێی بێ توانایە و مۆساد دەستێكی باڵای لەم بوارەدا هەیە.

ئەمڕۆ سێشەم 28ی تەمووز، رۆژنامەی تایمز راپۆرتێكی لەسەر چارەنووسی موجتەبا خامنەیی بڵاو كردووەتەوە. وا دیارە بەرپرسانی هەردوو دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دۆزینەوەی بێ ئومێدن، ددان بەوە دەنێن كە ناتوانن بە شێوازی ئەلیكترۆنی چاودێریی هەنگاوەكانی موجتەبا بكەن، تا هاوشێوەی رابەری پێشوو بیكوژن.

لە 28ی شوباتی ئەمساڵ لە هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر تاران، عەلی خامنەیی رابەری پێشووی كۆماری ئیسلامی ئێران كوژرا، ئەوكات موجتەبایش لە نزیك باوكی بوو، هەرچەندە ئێستەیش گومان لەسەر مان و نەمانی موجتەبا هەیە، بەڵام ئەوەی شارەزایان لێی دڵنیان ئەوەیە، موجتەبا لە هێرشەكەدا بریندار بوو. 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە مۆساد و سی ئای ئەی "هەواڵگریی ناوەندی ئەمەریكا" وەرگیراون، موجتەبا ئەگەر لە ژیان مابێت و لە ئەركەكەی بێت وەك رابەری گشتی، چونكە لە سەرەتای مانگی ئاداردا وەك رابەری باڵا هاتووەتە هەڵبژاردن، ئەوا پەنا بۆ هەندێك هەڵسوكەوتی تایبەت دەبات بۆ ئەوەی ئاشكرا نەبێت. لەوانە هیچ مۆبایل و كۆمپیۆتەرێكی لە ماوەی 150 رۆژی رابردوو بەكار نەهێناوە، لە حەشارگەیەكی ژێرزەوی دەژیت، دەموچاوی شێواوە لە ئەنجامی ئەو هێرشەی كرایە سەر باوكی. ئەگەر موجتەبا هاتوچۆی دەرەوەی پەناگەكەی بكات، ئەوا لە مەترسی مانگی دەستكردی ئەمەریكی بە رۆژی رووناك ئەم كارە ناكات.

ئەگەریش پەیام بە بەرپرسانی ئێران بدات، ئەوا راستەوخۆ بە یەك دەست نابێت، بەڵكو بە زنجیرەیەك دەبێت. هەموو ئەو كەسانەیش ئەو كارە دەكەن یان ئەوانەی خزمەت و خۆراكی بۆ دابین دەكەن، ئەوا كەسانێكی متمانەپێكراون. بۆچوونێك هەیە پێی وایە موجتەبا هێشتا رۆڵێكی سەرەكی لە ئێران دەگێڕێت و خۆی لە ژێرزەوینێكی تاران یان قوم حەشار داوە، بۆچوونێكی تریش دەڵێ‌، "لە ژیان نەماوە، بەڵام پاسداران رۆڵەكەی بە گەورە پێشان دەدات".

بۆ لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی دووەم، دەبێت هەواڵگریی بەر لە هەموو شتێك لە مانەوەی لە ژیان دڵنیا ببێتەوە، ئینجا بەدوای شوێنەكەی بگەڕێت. ئەفسەرانی هەواڵگریی باسیان لەوە كردووە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە ئێستە هەیە یان ئەو گریمانەیەی كاری لەسەر دەكرێت، ئەوا دۆزینەوەی موجتەبا بە كامێرای چاودێری و مۆبایل و كۆمپیوتەر زۆر زەحمەتە، بۆیە رۆڵی هەواڵگریی مرۆڤیی دێتە پێشەوە كە لەمەشیاندا مۆساد باشترە لە ناو ئێران و هەواڵگریی ئەمەریكی سیخوڕی نییە.

لە راپۆرتەكەی تایمزدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دۆزینەوەی موجتەبا وەك دۆزینەوەی سەدام حوسێن زەحمەتە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل