ترەمپ: ئێران لەگەڵمان رێك نەكەوێت ئەركە سەربازییەكە تەواو دەكەین

:: PM:04:31:28/07/2026 ‌

لە دوای وەستانی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و پێشنیازی ناوەندگیران بۆ دەست پێكردنەوەی دانوستانی نێوانیان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی دانوستانی باشی لەگەڵ ئێران كردووە و گەیشتن بە رێككەوتن لە وێرانكردنی ئەوەی ماوە لەو وڵاتە باشترە، بەڵام لەگەڵمان رێك نەكەوێت ئەركە سەربازییەكە تەواو دەكەین.

ئەمڕۆ سێشەم ترەمپ لە دیدارێكی لەگەڵ تۆڕی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی گوتی، باشترە لەگەڵ ئێران بگەین بە رێككەوتن لە بری وێرانكردنی ئەوەی لەو وڵاتە ماوە، بەڵام ئەگەر لەگەڵمان رێك نەكەوێت، كارەكە سەربازییانە تەواو دەكەم، رەنگە دانوستانەكان باش بن، كەچی ئێران دێت دەڵێت، ئێمە باسی دۆسیەی ئەتۆمیمان نەكردووە.

سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە هەڵوێستی ئەمەریكا بەرانبەر بە ئێران زۆر بەهێزە و سوپای ئەمەریكا بەرگریی ئاسمانیی ئێرانی لەناو بردووە، جیا لە لەناوبردنی زۆرینەی چەكەكانیان، دەتوانین لە كەمتر لە سەعاتێك زۆرینەی پردەكان و وێستگەی كارەبای ئەو وڵاتە وێران بكەین، بەڵام خۆمان لەوە دەپارێزین، رێگە بە ئێران نادەین بۆ لەمەودوا پێشێلی رێككەوتنەكان بكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل