ئۆكراینا بوونی شانە چەكدارەكانی لە عێراق رەت دەكاتەوە

:: PM:06:06:28/07/2026 ‌

دوای ئەوەی دوێنێ سعوودیە رای گەیاند كە لە ناو خاكی عێراقەوە هێرش كراوەتە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی، جیا لەو هێرشانەی دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان و چەند ناوچەیەكی عێراق، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق باسی بوونی شانەی چەكداری سەر بە ئۆكراینای لە عێراق كرد كە هێرش ئەنجام دەدەن، ئەمڕۆ ئۆكراینا ئەو قسانەی رەت كردەوە.

ئەمڕۆ سێشەم وەزارەتی دەرەوەی ئۆكراینا لێدوانەكانی شەوی رابردووی قاسم عەبوودی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقی لەبارەی بوونی چەند شانەیەكی چەكداری لە عێراق كە كار بۆ ئۆكراینا دەكەن رەت كردەوە، دووپاتی كردەوە كە قسەكان پشت بە دەنگۆ دەبەستن و بنەمایان نییە و بێ بەڵگەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئۆكراینا ئاماژەی كرد، بەر لەوەی لە میدیاكان بڵاو كرایەوە، هیچ زانیاری و پرسیاریان لە رێگەی كەناڵە دیپلۆماسییە عێراقییەكان لەبارەی ئەو بابەتەوە بە دەست نەگەیشتووە، تەنانەت بەرپرسە عێراقییەكە خۆی لە دیدارە تەلەڤزیۆنییەكەدا ددانی بەوەدا نا كە هیچ بەڵگەیەكیان بۆ سەلماندنی ئەو دەنگۆیانە نییە.

دووپاتی كردەوە، بۆیە هەر تۆمەتباركردنێكی لەو جۆرە ئەگەر بەڵگەی هەبووایە، دەبوایە لە رێگەی كەناڵە فەرمییەكانی نێوان هەردوو وڵات بخرێتە روو نەك لە لێدوانی میدیاییدا، كە پێچەوانەی پرەنسیپی ریزگرتنی دوولایەنەیە و زیان بە پێوەندییەكانی هەردوو وڵات دەگەیەنێت.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل