كابینەی حكوومەتی عێراق كەی تەواو دەبێت؟

:: PM:06:46:28/07/2026 ‌

دوای ئەوەی كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 14ی ئایاری رابردوو لە پەرلەمان متمانەی پێ درا، تا ئێستە نۆ وەزارەتی بەتاڵن، لەوانە ناوخۆ و بەرگری، كە جیا لە ناكۆكیی ناوخۆیی، ڤیتۆی ئەمەریكایان لەسەرە، چەند پەرلەمانتارێك باسی تەواوكردنی كابینەكە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دەكەن، هەیشە بە هەڵمەتی داماڵینی چەكی دەبەستێتەوە، كە دوا وادەی كۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتووە.

د. محەمەد نەعناع توێژەری سیاسی پێی وایە هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی گفتوگۆ و ناكۆكیی هێزە سیاسییەكان لەبارەی وەزارەتە بەتاڵەكان، زەیدی ئازادییەكی بۆ فەراهەم بووە لە گۆڕانكاری لە پۆستە هەستیارەكان، ترسی لای هێزە سیاسییەكان دروست كردەوە لەوەی دەیەوێت بەو شێوە كابینەی حكوومەتەكەی بەڕێوە ببات، كە بواری زیاتری بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بۆ دەرەخسێت.

ئەو توێژەرە ئاماژە دەكات كە ئێستە زەیدی خۆی كارەكانی ئەو وەزارەتانە بەڕێَوە دەبات و گۆڕانكاری دەكات، بۆیە رەنگە ئەو بابەتە بۆ دوای 30ی ئەیلوولی داهاتوو بە مانگێك یان دوو مانگ بەردەوام بێت، واتە وادەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان، بەتایبەتی ئەگەر زەیدی ئەو قەناعەتەی هەبێت كە پێویستە وەزیرە دانراوەكان پاڵپشتی لە پلانەكانی بكەن.

لای خۆیەوە پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق ئاماژە دەكات كە ئێستە ڤیتۆی ئەمەریكا گەورەترین بەربەرستە لەبەردەم تەواوبوونی كابینەی حكوومەتی زەیدی، جیا لەوە تا دێت بەربەستەكان زیاتریش دەبن، واتە تەنیا نارازیبوون بە كاندیدەكان بەربەست نییە هەڵوێستی ئەمەریكاش بەرانبەر بە كاندیدەكان بەربەستە، تەنانەت ئەمەریكا لە هەندێك لە وەزیرەكانی ئێستەش رازی نییە، لە وتوێژەكانی ترەمپ و زەیدی دەركەوت كە 30 ئەیلوولی داهاتوو، كە دوا وادەی داماڵینی چەك و نەهێشتنی میلیشیاكانە، رەنگدانەوەی لەسەر تێپەڕاندنی كاندیدی ئەو میلیشیایانە بۆ پۆستە  حكوومەتییەكان دەبێت.

دوێنێ وەلا جیزانی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی بەدر لە پەرلەمان ئاماژەی كرد كە كە تا ئێستە گفتوگۆی هێزە سیاسییەكان لەسەر بنەمای بەركەوتەی هەڵبژاردنیان بەردەوامە، پێشبینی كرد لە ناوەڕاستی مانگی ئابی داهاتوو دەنگ لەسەر وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەی حكوومەت بدرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل