سەرۆكی هۆزی سوورەمێرییەكان لە شارۆكەی خانەقین دوای كوشتنی دوو كەس لە هۆزەكەی هاتە دەنگ و داوای هێزی پێشمەرگە دەكات. پۆلیسی خانەقینیش دەڵێ، گومان لەداعش دەكرێ تاوانەكەی ئەنجام دابێ.
ئەمڕۆ دووشەم 13ی ئایار، كامیل جەمیل بەگ سەرۆك هۆزی سوورەمێری لە شارۆكەی خانەقین بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ڕووداوی كوشتن و رفاندن و هێرش لە سنووری خانەقین بەردەوامی هەیە و ئەو هێرشەی شەوی رابردوو بەڵگەی ئەوەیە كە دۆخی ناوچەكانی دەوروبەری خانەقین نا ئارامە و پێویستی بە پێشمەرگە هەیە.
ڕوونیشی كردەوە كە پێشتر هۆشداریان داوە لەوەی نەگەڕانەوەی پێشمەرگە دەبێتە هۆكاری بەردەوامی كردەی تیرۆریستی.
هاوكات بەیانی ئەمڕۆ حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان تاوانی رفاندنی كور ِو باوكێكیان لە خانەقین خستە ئەستۆی حەشدی شەعبی.
لای خۆیەوە دیار شەوكەوت بەرێوەبەری پۆلیسی شارۆكەی خانەقین بڕوای خۆی پێشاندا كە داعش تاوانی كوشتنی ئەو دوو كەسەی لەو سنوورە ئەنجام دابێت.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی