مەسروور بارزانی: داهاتووی وڵاتەكەمان لە دەستێكی ئەمیندایە

:: AM:11:03:08/10/2025 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای كردنەوەی 29 قوتابخانەی نوێ‌ لە هەولێر، رای گەیاند كە داهاتووی وڵاتەكەمان لە دەستێكی ئەمیندایە.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تشرینی یەكەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی 29 قوتابخانە رای گەیاند، پیرۆزبایی لە قوتابییە خۆشەویستەكان و مامۆستایانی ئازیز دەكەم، دەستخۆشییان لێ دەكەم بۆ ماندووبوونیان، بۆ پشوودرێژییان و بۆ ئەو خزمەتەی كە دەیكەن بۆ نەوەی داهاتووی گەلەكەمان.

زیاتر گوتی، بەڕاستی ئەوەی ئەمڕۆ بینیم، جێی دڵخۆشییەكی ئێجگار گەورە بوو كە قوتابخانەیەك بەم ئاستە جوانە و بەرزە دروست كراوە.

سەرۆكی حكوومەت گوتی، جێی دڵخۆشی بوو كە بینیم هەم قوتابییەكان زۆر دڵخۆشن، هەم مامۆستایان دڵخۆشن و ئاستیان زۆر بەرزە، بەو رەوشتە بەرزە ئێستە زۆر دڵنیام كە داهاتووی وڵاتەكەمان لە دەستێكی ئەمیندایە، ئەو قوتابییە چاوگەشانە، ئومێدی زۆرم پێیانە كە دەتوانن دەستكەوتی زۆر گەورەتر هەم بۆ خۆیان و هەم وڵاتەكەیان بێتە دەست.

لە بەشێكی قسەكانی رای گەیاند، من جارێكی تر سوپاسی وەزارەتی پەروەردە دەكەم بۆ ئەو ئەرك و ماندووبوونەی كە كێشاویانە، بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن و پەروەردە لە سەرانسەری كوردستان.

"قسەمان دەكرد كە ئایا چەند قوتابخانە لە هەرێمی كوردستان لەم ئاستەدایە؟ دیارە هەندێك قوتابخانەی ئێمە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی قوتابخانەی نوێتریشە، بەڵام لەم ماوە كورتەدا توانیومانە كە ئاستی قوتابخانەكان بە جۆرێكی زۆرباش بەرز بكەینەوە، نەك تەنیا وەك باڵاخانە و قوتابخانە، بەڵكو سیستمی پەروەردە و فێركردن و خوێندن لە جۆری دیجیتاڵكردن و (ئی پەروەردە)، ئەمە كاریگەرییەكی زۆری كردووە و بەردەوامیش دەبین لە پشتیوانیكردنی وەزارەت بۆ پێشخستنی كەرتی خوێندن و پەروەردە"، مەسروور بارزانی ئەوەی لە وتارەكەی راگەیاند.




وشە - رامیار جەواد