بارەگای بارزانی: هەموو هەوڵێك دەدەین بكەرانی تاوانە قێزەونەكەی جندێرس بە سزای عادیلانە بگەن

:: PM:09:20:21/03/2023 ‌
بارەگای بارزانی لە بەیاننامەیەكدا بە توندی ئیدانەی تاوانەكەی شارۆكی جندیرێسی كرد كە چوار كورد لەكاتی هەڵكردنی ئاگری نەورۆزەوە شەهیدكران و هاوكات رای گەیاند كە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بە سزای عادیلانەی خۆیان بگەن. 

ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئاداری 2023 لە بەیاننامەیەكی بارەگای بارزانی هاتووە، بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە  قێزەونە دەکەین کە لەلایەن یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانەوە بە شەهیدکردنی چوار هاووڵاتیی خانەوادەیەکی کورد و بریندارکردنی سێ کەسی دیکە ئەنجام دراوە.

بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە داوە ئەمانە كاتێك شەهیدكراون كە کە مومارەسەی سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان لە ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ڕۆژی نەتەوەیی خۆیان، نەورۆز،  لە ناحیەی جندیرێسی (زیانلێکەوتوو بەهۆی بوومەلەرزەوە) دەکرد.

"لە خودای مەزن دەپاڕێینەوە کە ڕۆحی شەهیدان بخاتە ژێر ڕەحمەتی خۆی و، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین" لە بەیاننامەكەی بارەگای بارزانی وا هاتووە. 

لە كۆتایی پەیامەكەی بارەگای بارزانی هاتووە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەوانەی ئەم تاوانە قێزەونەیان ئەنجامداوە بە سزای عادیلانە بگەن. 




وشە - تایبه‌ت