دوای ئەوەی دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی هەشتی پسوولەی خۆراك كرا، دەركەوت ئەو برنجەی دابەش دەكرێت هەندێكی بەهۆی كۆنییەوە ئەسپێی هەڵهێناوە، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراكیش ئاماژە دەكات، برنجەكە هەمووی جۆری باشە، بەڵام ئەگەر هەر گرفتێكی هەبێت دەستبەجێ دەیگۆڕین.
لەبەر هۆكاری جیاوازەوە بە بەردەوام لەكاتی دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان كێشە لە هەندێك لەو مادانەی دابەش دەكرێت هەیە، جارێك فاسۆلیاكە خراپە و كون كون بووە، جارێك برنجەكە خراپ بوو یان ئەسپێی هەڵهێناوە، ئەم مانگەش چەند هاووڵاتییەك لەكاتی وەرگرتنی بەشەخۆراكەكە، برنجەكەیان ئەسپێی تیادا بووە، كە ئاماژەیە بۆ كۆنیی برنجەكە.
ئەمڕۆ یەكشەم 24ی ئەیلوول، شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، برنجی ئەم مانگە هیچ گرفتێكی نییە و برنجی هی مانگی رابردوومان نەماوە، ئەوەی ئێستە جۆری تایلەندی و چەند جۆرێكی ترە و بە تێكەڵی بەسەر بریكارەكان دابەش كراوە.
هەروەها گوتی، ئەگەر برنجێك ئەسپێی هەڵهێنابێت، داوا لە بریكارەكان دەكەین لەكاتی هەڵپچڕینی گونیەكەی ئەگەر ئەسپێی تیادا بوو دابەشی نەكەن و بیگەڕێننەوە، هاووڵاتییانیش لەكاتی وەرگرتنی پێش ئەوەی بیبەنە ماڵەوە سەیرێكی برنجەكە بكەن، ئەگەر گرفتی هەبوو با بۆیان بگۆڕدرێت، دووپاتی كردەوە، كەشوهەوا گەرمە و دەكرێت ئەوە رووبدات.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراكی سلێمانی باسی لەوەش كرد، دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی هەشت كراوە، كە رۆن و شەكر و برنج و نۆك و دۆشاو و نیسك بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت و فاسۆلیای تیادا نییە، هەر مادەیەكی تریش بگات دابەشی دەكەین.
لای خۆیەوە كەمال مەحموود، بریكاری خۆراك بە "وشە"ی گوت، ئەو مادانەی بەشەخۆراك كە دابەش دەكرێت، بەو جۆرەی كە بەدەستمان دەگات بەسەر هاووڵاتییان دابەشی دەكەین، ئەوە روونە كە ئێستە وەرزی هاوینە و دەكرێت لە هەزاران تۆن برنج بەشێكی خراپ بێت، بەڵام بریكارەكان پابەندن بەوەی بەشەخۆراكی خراپ نادرێتە هاووڵاتییان و دەگەڕێندرێتەوە بۆ كۆگەكان و دواتر دەنێردرێتەوە بۆ بەغدا.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی