کێشەیەکی تر لە نێو کۆنگرەی یەکێتی سەری هەڵدا

:: PM:02:47:29/09/2023 ‌
یەکێتی کە ئێستە سەرقاڵی کۆنگرەی پێنجەمە لە سلێمانی، وێڕای دوورخستنەوەی لاهوور جەنگی و دەوروبەرەکەی و چەندان کەسایەتی و سەرکردایەتیی تری حزبەکە، ئەم جارە ململانێ لە نێوان دوو برا دەستی پێ کردووە و باڵی بەسەر کۆنگرەدا کێشاوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستی "وشە" کەوتوون،  هێشتا سەرکردایەتیی نوێ دیاری نەکراوە و هەڵنەبژێردراوە، چونکە ململانێی توند لە نێوان باڵ و ئاراستە جیاوازەکانی نێو ئەو حیزبە هەیە، بەتایبەت قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی، کە هەرکەسە و دەیەوێت پشکی خۆی لە سەرکردایەتی زیاتر بێت، ئەمەش پرۆسەکەی خاو کردووەتەوە. 

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، گفتوگۆ و دانوستانەکانی دانانی جێگرێک بۆ بافڵ تاڵەبانی شکستی هێناوە، بۆیە بافڵ تاڵەبانی بەبێ جێگر دەمێنێتەوە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆش ئەوکەسەی کە پۆستی حکوومی هەیە نابێت خۆی بۆ سەرکردایەتی کاندید بکات، بەڵام هێشتا دیار نیە ئەمە قوباد تاڵەبانی دەگرێتەوە یان نا. 

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی،  قوباد تاڵەبانی بەتەواوی لە دۆخەکە نیگەرانە و رەنگە کاردانەوەی هەبێت، ئەگەر کارەکان بە دڵی ئەو نەڕوات و پشک و بەشی خۆی مسۆگەر نەبێت. 

جێی باسە ئەمڕۆ سێیەم رۆژی کۆنگرەی  پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت.

وشە\تایبەت



وشە - تایبه‌ت