حكوومەتی عێراق سوپاسی حكوومەتی هەرێم دەكات

:: PM:08:18:29/09/2023 ‌
دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە حكوومەتی عێراق سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد لەبەرانبەر ئەو خزمەتگوزاریییە تەندروستییانەی هەرێمی كوردستان پێشكەشی بریندار و قوربانیانی رووداوەكەی حەمدانییەی كردووە. 

ئەمڕۆ هەینی 29ی ئەیلوولی 2023، بەپێی راگەیندراوێك لە وەزیری تەندروستییەوە كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە هاتووە، لەگەڵ "د. دلۆڤان محەمەد" بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر و "د. معاف عەبدولكەریم" سەرۆكی دیوانی وەزارەت پێشوازیمان كرد لە "د.ساڵح سەمەد" راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و "د. خەمیس حوسەین" بریكاری وەزارەتی تەندروستی عێراق و شاندێكی یاوەری. 

وەزیری تەندروستی روونی كردووەتەوە، لە هەولێر پێشوازی لەو شاندەی عێراق كرا كە بە مەبەستی سوپاس و پێزانین و دەستخۆشی بۆ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی و هەردوو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر و دهۆك و نەخۆشخان و تیمە فریاگوزارییەكانی هەرێم هاتبوونە هەرێم  لە بەرانبەر یارمەتیدانی بریندارانی رووداوەكەی حەمدانییە و ناردنی هاوكاری و دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەی حەمدانییە. 

شەوی سێشەم لەسەر چوارشەم ئاگر لە هۆڵێكی ئاهەنگێران لە شارۆكەی حەمدانییە لە پارێزگەی نەینەوا كەوتەوە، بەو هۆیەوە نزیكەی 100 كەس گیانیان لەدەست دا و چەند سەت كەسێكیش بریندارن، هەر لەگەڵ رووداوەكەدا لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی چەندین ئامبوڵانس و تیمی فریاگوزاری بەرەو حەمدانییە بەڕێكەوتن و چەندان برینداری رووداوەكەش لە نەخۆشخانەكانی هەرێم چارەسەری پزیشكییان بۆ كرا.


وشە - تایبه‌ت