سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی هاتە هەڵبژاردن

:: PM:01:23:01/10/2023 ‌
رۆژی پێنجشەم كارەكانی پێڕەوی ناوخۆی یەكێتی پەسند كرا لە 68 مادە پێكهاتووە، ئەمڕۆش جەعفەر شێخ مستەفا بە سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی بەرژوەندییە سیاسییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵبژێرا، بەمەیش شوێنی كۆسرەت رەسووڵ دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم یەكی تشرینی یەكەم، تەلار لەتیف گوتەبێژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رای گەیاند، ئەمڕۆ كۆتا كارەكانی لیژنەكان تەواو بوو، سەرەتا مادەكانی پێڕەوی ناوخۆی كۆنگرە 65 مادە بوو، بەڵام لەسەر پێشنیاری ئەندامانی كۆنگرە مادەكان بۆ 68 مادە زیاد كران و مادە بە مادە دەنگی لەسەر درا، دواتر كۆی مادەكان دەنگیان لەسەر درا و پەسند كران.

زیاتر گوتی، ئێستە چاوەڕوانی ئەوەین كە كارە تەكنییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتیی یەكێتی تەواو بكرێت، دواتر دەست دەكرێت بە هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق و تیمێكی تری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە پارێزگای سلێمانی چاودێرن.

باسی لەوەش كرد، جەعفەر شێخ مستەفا بە سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی بەرژوەندییە سیاسییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵبژێرا.

لە 27ـی ئەیلوول، كارەكانی كۆنگرەی یەكێتی دەستی پێ كردووە و ئەمڕۆ پێنج رۆژە كۆنگرەكە بەردەوامە، دەیان كێشە و بەربەست و ناڕەزایەتی تا ئێستە دروست بووە، جگە لەوەی سیستمی بەڕێوەبردنی حزبەكە لە هاوسەرۆكییەوە كرا بە سەرۆك، هاوكات ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی كەم دەكرێتەوە و سێ ئەنجوومەنیش بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی حزبەكە دروست دەكرێت.





وشە - رامیار جەواد