بۆچی كەسوكاری قوربانیانی حەمدانییە بەگەرمی پێشوازیان لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كرد؟

:: PM:08:02:01/10/2023 ‌

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە بە پێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان خاوەن هۆلی رووداوەكەی حەمدانییە كەمتەرخەم بووە، ئەو دووپاتی كردەوە كە بەرپرسێكی زۆری عێراق سەردانی شوێنی رووداوەكەیان كرد، خەڵكەكە ناڕازی بوون و رێگریشیان لێ كردن، تەنیا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەبێت.

مەریوان قەرەنی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی گوت، تاوانەكە خراوەتە ئەستۆی ئەوەی كە كاتی خۆی خاوەنی هۆڵەكە بووە كە هیچ پێداویستییەكی سەلامەتی تیادا نەبووە، بۆیە خاوەن هۆڵەكە كەمتەرخەم بووە، لەبەر ئەوەی ئاگرەكە لە یارییە ئاگرینەكانەوە دروست بووە، هەروەها لەناو هۆڵەكە برێكی زۆر كحولی تێدا بووە، ئەوەش وای كردووە ئاگر زوو تەشەنە بكات، چونكە كحول زوو ئاگر دەگرێت، هەندێك لایەنیش ویستیان رووداوەكە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكار بێنن، بەڵام سەركەوتوو نەبوون .

روونی كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت هەر لە یەكەم ساتی رووداوەكەوە بەهانای قوربانیان چوون، دەرگەی هەرێمی كوردستان و نەخۆشخانەكانی هەرێمیان بۆ برینداران كردەوە و هەموو هاوكارییەكیان پێشكەش كردن.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە لە هەموو بەرپرسانی سەردانی شوێنی رووداوەكەیان كرد، وەك سەركۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، جیا لە بەرپرسانی بزاوی بابلیون، خەڵكەكە ناڕازی بوون و بگرە رێگریشیان لێ كردن، تەنیا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەبێت، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هەمیشە خەمخۆری پێكهاتەكان بووە و هاوكاری كردوون.

دوێنێ ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، حكوومەتی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت هەر لە سەرەتای رووداوەكەی حەمدانییە هاتنە سەر خەت و هەموو جۆرە هاوكارییەكیان پێشكەش كرد، ئەوەش لەخۆیدا بەرجەستەی گرنگیدانی حكوومەتی هەرێمە بە پێكهاتەكان و لە چوارچێوەی ئەو پێكەوەژیانەیە كە لە هەرێمی كوردستان هەیە و جێگەی شانازی هەمووانە، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە لە خەمی پێكهاتەكانە و جێی بایەخی ئەوانە.

روونی كردەوە، كاتێك رووداوەكەی حەمدانییە رووی دا، حكوومەت وەزارەتە پێوەندیدارەكانی راسپارد كە هەموو هاوكارییەك پێشكەش بكەن و دەرگەی نەخۆشخانەكانی بە رووی برینداران كردەوە، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆلێكی گرنگی هەبوو، لە هەموو حاڵەتەكانیش حكوومەتی هەرێم ئامادەی هاوكاری بووە بۆ پێكهاتەكان، هەر بۆیە هەرێمی كوردستان بە شوێنی پێكەوەژیان ناسراوە .

مەعرووف دووپاتی كردەوە، جیا لەوانە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نزیكەوە سەردانی بریندارانی رووداوەكەی حەمدانییەی كرد و دواتر بەشداری لە پرسەكە كرد، ئەوەش گرنگیدانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پێكهاتەكان، بەتایبەتی قوربانیانی ئەو كارەساتە دەردەخات، چونكە بەڕاستی كارەساتێكی زۆر گەورە بوو، كە بووە جێگەی نیگەرانی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراقیش.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل