بە پێی ئەو ناوانەی كە لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بۆ سەركردایەتی بڵاو كراونەتەوە، یەكێتی بۆ دەڤەری راپەڕین، كە وەك قەڵای سەوزی حزبەكەی داناوە، شاری راپەڕین و قوربانیدان بووە، تەنیا دوو ئەندامی سەركردایەتی داناوە، ئەوەش بەمانای فەرامۆشكردن و گرنگینەدانە بە سنوورەكە و ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبە، هەروەها لە گەرمیانیش هیچ كەسێك دانەنراوە.
یەكێتی ناوی 61 ئەندامی سەركردایەتی حزبەكەی لە كۆنگرەی پێنجەم راگەیاند، لەو ژمارەیە تەنیا دوو ئەندامی سەركردایەی لەسەر ئیدارەی راپەڕین حیساب دەكرێن، كە د میران محەمەد و شوان سەنگەسەرین، هەروەها بە پێی ئەو زانیارییانەی كە بڵاو كراونەتەوە، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان هیچ كەسێك لەسەر ئاستی دەڤەرەكە بۆ سەركردایەتی هەڵنەبژێردراوە.
ئەندامێكی یەكێتی لە راپەڕین لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، دانانی دوو ئەندامی سەركردایەتی بۆ ناوچەیەكی گرنگ و شاری قوربانیدان و ناوەندی راپەڕین، بە مانای گرنگینەدانە بە سنوورەكە، راپەڕین ناوچەیەكی گرنگ و فراوان و خاوەن دانیشتووانێكی زۆرە، بۆیە دەبووایە یەكێتی گرەوەی لەسەر ناوچەكە بكردایە و گرنگی زۆری پێ بدایە، بەڵام پێچەوانەی بۆچوونەكان و ئەوەی چاوەڕێمان دەكرد یەكێتی لە كۆنگرە بەرانبەر بە سنوورەكە ئەنجامی دا.
لای خۆیەوە ئاوارە ئاوارە عەلی، كادیری یەكێتی لە راپەڕین بە "وشە"ی گوت، هەریەكە لە میران محەمەد و شوان سەنگەسەری، لە سەركردایەتی نوێ لەسەر راپەرین حیساب كراون، بە پێی ناوچەكان ئەو دوو سەركردایەتییە لە سنووری راپەڕینن، ناوچەكانی تریش كەسیان پێویستە، ئێمە چاومان لەوەیە لێپرسراوی مەڵبەند لە دەرەوەی سەركردایەتی دابنرێت، هەروەها لە پۆستەكانی تریش كەسانێكی تر لە سنوەرەكە دابنرێن، بەڵام بۆ ئێستە لە سەركردایەتی یەكێتی كە لەسەر راپەڕین حیسابن، راپەڕین وەك ناوچەیەكی هەڵمەت و قوربانی و خەبات و تێكۆشانی خەڵكی سنوورەكە بێت پێویستمان بە زیاتر بوو.
لە لایەكی ترەوە، بە پێی ئەو زانیارییانەی كە بڵاو كراونەتەوە، لەناو ئەندامە نوێیەكانی سەركردایەتی یەكێتی، هیچ ئەندامێكی سەركردایەتی لەسەر ئاستی ئیدارەی گەرمیان هەڵنەبژێردراوە، ئەوەش دوپاتی دەكاتەوە كە یەكێتی زۆر گرنگی بە ناوچەكان نەداوە و تەنیا كاری لەسەر سەنتەری شارەكان كردووە، لەكاتێكدا لە كۆنگرەی رابردوو چەندان ئەندامی سەركردایەتی لەسەر ئیدارەی گەرمیان حیساب كرابوون و لەناو سەركردایەتی بوون.
پێوەست بەو بابەتە هەورامان رەحیم، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، كۆنگرەی یەكێتی كێشە و كەموكورتی زۆری هەبوو، ئەوەی زیاتر لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكە گرنگی پێ دراوە، تەنیا كار لەسەر سەنتەری شارەكان كراوە، ئەو ناوانەی كە بۆ سەركردایەتی بڵاو كراونەتەوە كەمتر گرنگی بە ناوچەكانی دەرەوەی سەنتەری شارەكان دراوە، لەوكاتەی یەكێتی پێویستی بەوە هەبوو لە دەرەوەی شارەكانیش كاری رێكخستن و رێكخراوەیی خۆی فراوانتر بكات، بەڵام ئەوەش نەبینراوە.
كێشەكانی یەكێتی لە كۆنگرەی پێنجەم زیاتر بوون، ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەشی زۆری سەركردە كۆنەكانی حزبەكە بەشداری كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتییان نەكرد، بەشی زۆریان بایكۆتیان كرد و هەندێكیشیان هیچ پرسێكیان پێ نەكراوە و بەشدارییان پێ نەكراوە، كە لەناویاندا هەریەكە لە مەحموود سەنگاوی، مەلا بەختیار و بەرهەم ساڵح و حاكم قادر و چەندان بەرپرسی تر هەن.
پێشتر "وشە" ئەوەی بڵاو كردەوە كە هەریەك لە قادر عەزیز، ئاسۆس عەلی، نەسروڵا سورچی، كە پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی بوون، لەگەڵ شادی نەوزاد، كە لەناو نەوەی نوێ بوون و پێشتر لە حزبی ترەوە سەنگەریان گواستووەتەوە، لە كۆنگرەی پێنجەم بەشدارییان پێ نەكراوە و هیچ پۆستێكیان پێ نەدراوە.
وشە/ تایبەت