86 ساڵ لەمەوبەر سەید ڕەزای دێرسیم و هاوڕێكانی لەلایەن توركیاوە لە سێدارە دران

:: AM:11:56:15/11/2023 ‌
 سەید ڕەزا لە ساڵی ١٨٦٢ی زاینی لە دەڤەری دێرسیم لە دایك بووە. سەید ڕەزا كوڕی سەیدا ئیبراھیمە لەسەر دەستی مامۆستایەك بە ناوی محەمەد عەلی ئەفەندی فێری خوێندن بووە و زانستی ئاینی فێری سەید ڕەزا دەكات و ھەستی نەتەوایەتیی لەناو دەروونیدا دەچێنێت. 

لە سەردەمی شۆڕشی قوچگیریدا، كۆمەڵێك چەكدار بەرەو دێرسیم بەڕێكەوتن و لەشكری توركیا تێكدەشكێنن، ئەمە دەبێتە پشتگیرییەكی باش بۆ شۆڕشەكە. سەید ڕەزا دوای شۆڕشەكەی شێخ سەعیدی پیران، دەست بە گەڕان دەكات و بۆ گفتوگۆ سەردانی كۆڕ و كۆمەڵە جیاوازەكانی خەڵكی دەكات لە كوردستاندا. 

پێش شۆڕشی دێرسیم، سەید ڕەزا چاوی بە ھەموو سەرۆك ھۆزەكان كەوت و توانی یەكێتییەك لە ناویاندا دروست بكات. لە كاتێكدا كە لە دێرسیم شۆڕش بەردەوام بوو، لە پێنجی تشرینی یەكەمی ١٩٣٧، بەرپرسانی حكوومەتی توركیا بەمەبەستی چاوپێكەوتن، داوای ھاتنی سەید ڕەزا بۆ شاری ئەرزنجان دەكەن. ئەوەبوو سەید ڕەزا لە ڕێی ئەرزنجاندا دەستبەسەر دەكرێت و بەرەو شاری ئەلازیغی دەبەن و لەوێ دادگایی دەكەن.

 لە ١٥ تشرینی دووەم 1938، سەید رەزا لەگەڵ شەش ھاوڕێ و ھاوسەنگەریدا، لەلایەن ڕژێمی توركیاوە لە سێدارە دران. چوار خەباتكاری تر بەر لە جێبەجێبوونی حوكمەكە، سزاكەیان گۆڕا بۆ زیندانیكردن. تەمەنی ھەندێك لەوانەی سزاكەیان بە زیندان گۆڕا، لە ٩٠ ساڵ زیاتر دەبێت، بەپێی یاساكانیش نەدەبوو سەید ڕەزا لە سێدارە بدرێت، لەبەرئەوەی تەمەنی لە سنووری سێدارەدان تێپەڕیبوو، بەڵام توركەكان پابەندی ئەو یاسایە نەبوون و سەید ڕەزایان لە سێدارە دا.

سەید ڕەزا بە نھێنی بەخاك سپێرا و تا ئێستەش شوێنی گۆڕەكەی نادیارە. ھەڵمەتێكی بەردەوام ھەبوو بۆ دۆزینەوەی شوێنی ناشتنی. پێشتر داوا لە عەبدوڵا گول سەرۆك كۆماری توركیا كرابوو  شوێنی ئەو گۆڕە ئاشكرا بكات كە سەید ڕەزا و ھاوڕێكانی دوای لەسێدارەدانیان تێیدا نێژراون. «ئەمە پرسێكی قورس نییە، بەڵكو لە ئەرشیڤی دەوڵەتدا ھەیە». ئەمە گوتەی حوسێن ئایگون پەرلەمانتاری دێرسیمە كە نوێنەرایەتی پارێزگاكە دەكات لە پەرلەمانی توركیا.



وشە - سۆران عەزیز